http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2016/10/04/feature-01

×
×

ئاساییش |

کاریگەریی ئاژانسەکانی هەواڵگری عێراقی لە شەڕی دژ بە داعشدا دردەکەوێت

عەلاء حسێن لە بەغدا

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە

ئۆتۆمبیلێکی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) تێکشکێنراوە لە هێرشی ئاسمانیدا لەلایەن هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە ئەنبار. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان]

دەزگا هەواڵگریەکانی عێراق ژمارەیەك هێرشی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان لە بەغدا و ئەنبار پوچەڵکردۆتەوە لەماوەی پێشوودا بەهۆی کاری هەواڵگرییەوە کە کاریگەرییەکەی بەردەوام لەزیادبووندایە، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

هەندێك لەو هێرشانە بەنیازبوون نوێژکەران لە بەغدا بکەنە ئامانج لە جەژنی قوربان و مانگی پیرۆزی موحەڕەمدا، هەندێکی تریش بەنیازبوون هێرشکربکەنە سەر دامودەزگا گرنگەکان لە پارێزگای ئەنبار.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشگیریدا رۆژی 15 ئەیلول لە باشوری بەغدا، بەڕێوبەرایەتی گشتی هەواڵگری فەرماندەی یەکەکانی "ویلایەتی باشور"ی داعش، ئیسماعیل شیهاب حەمەدی دەستگیرکرد.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، حەمەد پلانی بۆ چەندین هێرشی تێرۆریستی داڕشتبوو لە پایتەخت لەکاتی جەژنی قورباندا.

راوێژکاری ئەمنی، فازڵ ئەبو رەغیف، بە دیارونای وت هێزە ئەمنیەکان حەمەدیان دەستگیرکرد بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری لە هێرشێکدا لە شارۆچکەی یوسفییە لە باشوری بەغدا.

ئەبو رەغیف وتی ئەم ئەندامەی داعش "سەر بە خێزانێکی تێرۆریستی توندڕەوە کە سەرەتا هەواداری قاعیدە بوون پێشئەوەی ئەمەکدرای بە داعش بدات".

وتیشی دەزگای هەواڵگریی عێراق ئاگاداری مێژوی حەمەد بوو لەوکاتەوەی کاری بۆ یەکە هەواڵگریەکانی داعش دەکرد و دوای ئەوەش بەرزبووەوە بۆ پلەی بەرپرسی ئەمنی و پاشانیش بووە بە فەرماندەیەکی سەربازی لە گروپەکەدا.

هەروەها وتی: "پێش دەستگیرکردنەکەی، گومانلێکراوەکە بەرپرسیاربوو لە بەڕێوەبردنی خانەی پچوکی تێرۆر کە ئەرکیان سوڕانەوە بوو بە بەغدادا بۆ ئەنجامدانی کردەی تێرۆریستی و تەقاندنەوە و کوشتن لەکاتی جەژنی پیرۆزی قورباندا."

هێرشی پێشگیریی زیاتر

لە هێرشێکی تری پێشگیریدا، بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری خانەیەکی تێرۆری تری دەستگیرکرد لە بەغدا رۆژی 24 ئەیلول و دەستیگرت بەسەر چە‌ك و بۆمبە لکێنەرەکاندا.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەندامانی خانەکە پلانیان وا بوو هێرش بکەنەسەر هاوڵاتیان لە بەغدا لەکاتی مەراسیمەکانی مانگی پیرۆزی موحەڕەمدا کاتێك شیعەکان یادی ساڵانەی شەهادەتی ئیمام حسێن دەکەنەوە.

فەرماندەیەکی حەشدی خێڵەکی، موقەدەم نازم جوغەیفی، وتی یەکە هەواڵگریەکان بەمدواییانەش پلانێکیان ئاشکراکرد بۆ هێرشکردنەسەر بەنداوی حەدیسە لە خۆرئاوای ئەنبار.

جوغەیفی بە دیارونای وت: "زانیاریی هەواڵگریی ورد هەلی بۆ هێزە ئەمنیەکان رەخساند بتوانن دوو کاروانی چەکدارانی داعش تێکبشکێنن کە دەیانویست هێرشبکەنەسەر تاوەرکانی چاودێری لە بەنداوی حەدیسە."

وتیشی فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق یەکەم کاروانی چەکدارانیان بەتەواوی تێکشکاند لە دوریی پێنج کیلۆمەترەوە لە ئەنجامەکەیان، دووەمیشیان لە دوریی یەك کیلۆمەترەوە.

هەروەها وتی: "ئۆتۆمبیلەکان چەکی قورسیان تیادابوو لەگەڵ تۆپی 23 mm و 14.5 mm، کە هەمووی تێکشکێنران پێشئەوەی بگەنە ناوچەی بەنداوەکە." وتیشی "کارەساتێکی راستەقینە" رێگای لێگیرا بەهۆی وریایی هێزەکانی عێراقەوە.

یەکەی هەڵۆکانی هەواڵگری

شیکارانی ئەمنی بە دیارونایان وت کە زۆرترین هەوڵەکانی هەواڵگریی عێراقی لە روبەڕوبوونەوەی داعشدا لە بەرپرسیارێتی یەکەی هەڵۆکانی هەواڵگرییە کە سەربە وەزارەتی ناوخۆیە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، عەمید سەعد مەعەن وتی: "یەکەی هەڵۆکانی هەواڵگری بەبێ ماندووبوون کاریانکردووە بەدرێژایی شەڕەکان بۆ رزگارکردنی ناوچەکان لە داعش." ئاماژەی بەوەش دا کە زۆربەی بۆردومانەکان لە رەمادی و فەلوجە پێش رزگارکردنیان پشتیان بە هەواڵگرییەکانی ئەم یەکەیە بەستبوو.

مەعەن وتی هەماهەنگییەك لەئاستی باڵادا هەیە لەنێوان یەکەکە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا و ئاماژەی بەوەش دا کە یەکەکە زانیاریەکان تاووتوێ دەکات و پاشان دەیدات بە فەرماندەییەکە و ئەویش بەکاریدەهێنێت بۆ لێدانی ئامانجەکانی داعش.

وتیشی زۆربەی سەرکردەکانی داعش لە بەغدا دەستگیرکراون لە کەمینەکاندا بە پشتگیریی زانیاری لەلایەن یەکەی هەڵۆکانەوە.

هەروەها وتی: "هەموو ئەم هێرشە پێشگیرییانە زۆر بە توندی کاردەکەنە سەر توانایی و پلانەکانی گروپەکە لە مەیداندا."

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە
ئەم بابەتەت بەدڵە؟
66
6

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین Captcha