هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

گۆڕە بەکۆمەڵەکان رادەی دڕندەیی داعش دەردەخەن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' ڤیدیۆیەکی نوێی بەرهەمهێناوە کە چەکدارانی پیشاندەدات لەکاتی فڕێدانی جەستەی قوربانیانیان بۆ ناو دۆڵی هوتە لە پارێزگای رەققە. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' ڤیدیۆیەکی نوێی بەرهەمهێناوە کە چەکدارانی پیشاندەدات لەکاتی فڕێدانی جەستەی قوربانیانیان بۆ ناو دۆڵی هوتە لە پارێزگای رەققە. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

هەواڵی دۆزینەوەی 72 گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق و سوریا کە پاشماوەی قوربانیانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لەخۆدەگرێت، دڕندەیی و بێڕێزی تەواوی گروپەکە دەردەخات بەرامبەر مرۆڤ، شایەتحاڵ و چاودێران دەڵێن.

وتیان شوێنی گۆڕەکان، کە لە لایەن ئاژانسی ئەسۆشیه‌تید پرێسەوە و لە 30 ئابدا لەسەر نەخشە دیاریکرا دوای چاوپێکەوتنی تایبەت و وێنە و توێژینەوە، رادەی کوشتنی بەکۆمەڵی داعش دەردەخات کە زۆر کەم کاریکردووە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی.

ئەو راپۆرتە، کە تا ئەمڕۆش چڕوپڕترینە، خەمڵاندوویەتی کە 17 گۆڕیان لە سوریایە و ئەوانی دیکە لە عێراقن، پاشماوەی 5,200 بۆ 15,000 قوربانیی تێدایە، کە بە ئاشکرا یان بە نهێنیی کوژراون.

راپۆرتەکە تێبینی ئەوە دەکات ئەگەری بەهێز هەیە کە ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و قوربانیان زیاد بکات لەکاتی دۆزینەوەی شوێنی تر لەو ناوچانەی کە هێشتا لەژێردەستی گروپەکەدا ماونەتەوە.

چالاکوانی پێشتری نوسینگه‌ی رۆژنامەوانیی رەققە مەجید حەسون هەفتەی پێشو لەگەڵ دیارونا دوا و وتی دڵنیایە ئەو ژمارانە زیاد دەکەن لەکاتی دۆزینەوەی شوێنی تردا.

حەسون کە ئێستا لە تورکیا دەژی وتی: "ژمارەی راگەیەندراوی قوربانی و گۆڕەکان لە ژمارە راستەقینەكه‌وە نزیك نابێت." وتیشی تەنیا لە سوریا بە دەیان شوێنی گومانلێکراو هەیە کە گروپەکە قوربانی تێدا ناشتوە.

وتی دانیشتوانی شاری رەققە و دەوروبەری "دەزانن گروپەکە قوربانیانی فڕێدەداتە دۆڵێکی قوڵی نێو بەردەوە کە ناسراوە بە هوتە."

وتیشی گروپەکە خۆی لە 2014دا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە چەکدارانی پیشاندەدا جەستە فڕێدەدەنە شیوەکەوە.

رایگەیاند چەکدارانی داعش جەستەی قوربانیانیان دەگوێزنەوە بۆ شوێنی نەزانراو، بە ئاماژەکردن بەوەی گومان هەیە هەندێك لەو ناوچانە لە دەوروبەری رەققە وەك گۆڕی بەکۆمەڵ بەکارهاتبن، چونکە تا دێت بۆ گروپەکە قورستر دەبێت بەرەو شوێنی دوور بچێت بۆ دوورخستنەوەی لاشه‌كان.

حسابنەکردن بۆ ژیانی مرۆڤ

وتاربێژی پێشوی مزگەوتی عومەر لە شاری حەلەب کە ئێستا لە قاهیرە ده‌ژی، موعاز عەبدولکەریم، وتی دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ کە قوربانی داعشی تێدایە "بەڵگەی زیاترە لەسەر دڕندەیی ئەو گروپە تیرۆرستییە کە خوێناویتریینە لە مێژوودا".

بە دیارونای وت گروپەکە شەریعەت و رێنماییه‌كانی ئیسلامی شێواندووە بە رێگەدان بە چەکدارانی بە خوێنڕشتن بەم شێوازە.

عەبدولکەریم رایگەیاند: "ڕوونه‌ كه‌ داعش بەڕێگەیەکدا دەڕوات کە پێچەوانەی ئیسلامە، کە کوشتن، خوێنڕێژیی و تێرۆریزم یاساغ دەکات لە بەرامبەر بەڵێنی وەفاداریی و دڵسۆزیی."

وتیشی دۆزینەوەی ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانە "بەڵگەیە لەسەر پێویستی سڕینەوەی داعش بە زووترین کات بۆ ئەوەی هەموو مرۆڤایەتیی، نەك تەنیا ناوچەی عەرەب، لەدەست دڕندەیی و تێرۆریزمیان رزگاربکرێت".

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەسۆشیه‌تید پرێس، عەبدولکەریم وتی، جەستەکان لەنێو گۆڕەکانیاندا نزیك بە رووی زەوی نێژراون.

رایگەیاند: "بە مانایەکی تر، ئەندامانی گروپەکە خۆیان ماندوو نەکردوە بەوەی گۆڕی قووڵ هەڵبکەنن، کە رقی قووڵیان نیشاندەدات لە رۆحی مرۆڤ، بە کوشتنیان و بەوەش کە چۆن [لاشه‌كان] نێژراون."

وتیشی کەمیی رێز بۆ مردوو نەریتێکی باوی گروپەکە بووە لەوکاتەوەی کە دروستبووە.

وتی جیا لەوەش داعش ڤیدیۆ و راپۆرتی لەبارەی ئەم کوشتنانەوە بڵاوکردۆتەوە بۆ پڕوپاگەندەکردن بۆخۆی، نیشاندانی زاڵیی و راکێشانی چەکداری نوێ.

چیرۆکی رزگاربوویەك

لە تشرینی دووەمی 2013دا، چەکدارانی داعش رۆژنامەنووسی سوریی جیهاد رەحیمیان لە دەوروبەری رەققە دەستبەسەرکرد، لەگەڵ چەندین کەسی دیکەدا گواستیانەوە بۆ که‌مپێکی زیندانیی کە بە دەیان دەستبەسەرکراو لەوێ هێڵرابوونەوە، بە دیارونای وت.

وتی: "ئۆتۆمبیلەکە کەمتر لە 10 خولەك رۆیشت و گەیشتینە بنکەکانی داعش."

فەرمانیان پێکرا لە ئۆتۆمبیلەکە دابەزن و پێیانوترا رووبکەنە دیوارەکە. وتی دوای نزیکەی 10 خولەك، پیاوێك کە بە شێوەزاری عێراقیی قسەی دەکرد دەستیکرد بە پرسیارکردن دەربارەی ناو و ئیشیان بە "تۆنێکی تووڕە و هەڕەشەئامێز".

رەحیم وتی: "کە گەیشتە نۆرەی من، پێموت ناوم جیهاد رەحیمە، وەك رۆژنامەنووس کارمکردووە، و بەڕێوه‌م بۆ تورکیا."

وتی: "بە شێوازێکی لوتبەرزانە وەڵامیدایەوە: رۆژنامەنوس و دەچیت بۆ تورکیا؟ دەتنێرین بۆ هوتە."

رەحیم دوای 12 رۆژ ئازادکرا و بۆ تورکیا هەڵات و دواجار لە 2015دا رۆیشت بۆ ئەڵمانیا، کە ئێستا لەوێ لەگەڵ خێزانەکەیدا دەژی.

بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەران

پیاوی کاری عێراقی عومەر جەعفی کە ئێستا لە قاهیرەیە وتی: "دۆزینەوەی گۆڕ لە هەردوو سوریا و عێراق بەڵگەی گشتگیرە لەسەر دوژمنکاریی توندڕه‌ویانەی گروپەکە بەرامبەر هەر کەسێك کە دژایەتیی یاخود بێفەرمانیی فەرمانەکانیان بکات."

بە دیارونای راگەیاند ژمارەیەکی زۆر لە جەستە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە کە ژن و منداڵ بوون، ئەمەش ئاماژەیە بە مەیلی تاوانکاریی و ئامادەیی گروپەکەیە بۆ کردنی هەمو شتێك لە پێناوی چەسپاندنی زاڵێتیی خۆیدا.

پرۆفیسۆری یاسای تاوان لە زانکۆی قاهیرە وائیل شرێمی جەختی لەسەر پێویستی هاوکاریی نێودەوڵەتیی کردەوە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی پزیشکیی لەسەر جەستە دەرهێنراوەکان و ئێسکەپەیکەرەکان تا بڕیار لە شوناسیان بدرێت.

بە دیارونای راگەیاند دەبێت بۆ هەر گۆڕێکی بەکۆمەڵی دۆزراوە دۆسیەیەك بکرێتەوە تا دۆخی هەر یەکەیان بە بەڵگەبکرێت و لێی بکۆڵرێتەوە، بە ئامانجی بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا.

وتی: "گۆڕە بە کۆمەڵەکان چیتر تەنیا کێشەی عێراق و سوریا نین بە تەنیا، بەڵکو کێشەکە بەگشتی کاریگەریی بۆ سەر ئاسایشی جیهان هەیە."

وتیشی: "دەبێت ئەنجامدەران لە [دادگا] نێودەوڵەتییەکاندا لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت تا جیهان لەو تاوانبارانە رزگاربکرێت کە فەرمانیانکردوە بەم تاوانانە یان جێبەجێیانکردوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500