نه‌رمه‌كاڵای تیكتۆك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌و هه‌ژمارانه‌ی داخست كه ڤیدیۆی پڕوپاگه‌نده‌یی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) بڵاوده‌كه‌نه‌وه، ئاژانسی فرانس پرێس سێشه‌ممه (22 تشرینی یه‌كه‌م) رایگه‌یاند.
تیكتۆك، كه كۆمپانیای بایتدانسی چینی خاوه‌ندارێتیی ده‌كات، ساڵی رابردوو رایگه‌یاند كه خاوه‌نی 500 ملیۆن به‌كارهێنه‌ره و ئه‌مه‌ش ده‌یكات به یه‌كێك له به‌ناوبانگرترین نه‌رمه‌كاڵاكانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
تیكتۆك رێده‌دات به به‌كارهێنه‌رانی ڤیدیۆی 15 چركه‌یی دروستبكه‌ن و بڵاویبكه‌نه‌وه و به تایبه‌تیش له‌نێو گه‌نجاندا به‌ربڵاوه.
كارمه‌ندێكی تیكتۆك به ئاژانسی فرانس پرێسی وت نزیكه‌ی 10 هه‌ژمار داخراون به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڤیدیۆیانه‌وه.
كارمه‌نده‌كه، كه نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت، وتی: "ته‌نها یه‌كێك له‌و ڤیدیۆیانه ژماره‌ی بینینه‌كانی گه‌یشتبووه جووته ژماره، پێشئه‌وه‌ی بسڕدرێته‌وه."
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جورناڵ، كه راپۆرته‌كه‌ی دووشه‌ممه بڵاوكردۆته‌وه، ڤیدیۆكان كۆمه‌ڵێك ته‌رمیان پیشانده‌دا كه به‌نێو شه‌قامه‌كاندا راده‌كێشرێن، له‌گه‌ڵ چه‌ندین چه‌كداری داعش‌یش.
رۆژنامه‌كه رایگه‌یاند كه ئه‌و پۆستانه له‌لایه‌ن نزیكه‌ی 20 هه‌ژماره‌وه دانرابوون و له‌لایه‌ن كۆمپانیای هه‌واڵگریی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، ستۆریفول، ئاشكراكران.
كۆمپانیاكه له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "ئه‌و پۆست و نێوهڕۆكانهی ئایدیۆلۆژیای رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان بڵاوده‌كه‌نه‌وه هیچ شوێنێكیان له تیكتۆك نییه."
كۆمپانیاكه راشیگه‌یاند: "به به‌رده‌وامی هه‌ر هه‌ژمارێك یان ئامێرێكی په‌یوه‌ندیدار راده‌گرین له‌گه‌ڵ ئاشكرابوونیان، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیشین له به‌ره‌وپێشبردنی رێوشوێنه‌كانمان بۆئه‌وه‌ی كاریگه‌رتر چالاكییه گوماناوییه‌كان ده‌ستنیشانبكه‌ین."