https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/newsbriefs/2019/08/27/newsbrief-01?di_exp_001=true&locale_switch_001=true

×
×

شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی باكوری خۆرئاوای سوریا ده‌بنه‌ هۆی كوژرانی 51 چه‌كدار

شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان چه‌كدارانی دژه‌ حكومه‌ت و هێزه‌كانی رژێم سێشه‌ممه‌ (27 ئاب) بوونه‌ هۆی كوشتنی 51 چه‌كدار له‌ هه‌ردوولا له‌ باكوری خۆرئاوای سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.

چه‌كدارانی رژێمی پاڵپشتیكراو له‌لایه‌ن روسیاوه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌ لێواره‌كانی ناوچه‌ی ئیدلیبی ژێرده‌سه‌ڵاتی تووندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ پێشڕه‌ویده‌كه‌ن -- پارێزگایه‌ك كه‌ له‌سه‌ر سنووری توركیایه‌ -- دوای بۆردومانكردنی بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ.

رێكخراوی روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند كه‌ چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن و تووندڕه‌وه‌كان سێشه‌ممه‌ هێرشیانكرده‌ سه‌ر بنكه‌كانی لایه‌نگرانی رژێم له‌ باشوری ناوچه‌كه‌.

سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌، رامی عه‌بدولڕه‌حمان وتی: "شه‌ڕ و پێكدادانه‌ خوێناوییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی شارۆچكه‌ی خان شه‌یخون له‌ به‌ره‌به‌یاندا ده‌ستیانپێكرد له‌دوای ئه‌وه‌ی توندڕه‌وه‌كان و گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆن هێرشیانكرده‌ سه‌ر بنكه‌كانی رژێم."

ناوبراو وتی هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن گروپی حوراس دینی سه‌ر به‌ قاعیده‌ و گروپێكی توندڕه‌وی دیكه‌وه‌ به‌ناوی ئه‌نسار دین، رابه‌رایه‌تیكرا.

رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ بووه‌ هۆی كوشتنی 23 چه‌كداری هێزه‌كانی رژێم و 20 چه‌كداری نه‌یارانی، كه‌ 13 تووندڕه‌ویان له‌نێودایه‌.

رێكخراوكه‌ راشیگه‌یاند كه‌ له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی ناوچه‌كه‌، هه‌شت چه‌كداری ئۆپۆزسیۆن كوژران له‌كاتێكدا هه‌وڵیاندا به‌نهێنی به‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدا به‌ره‌و بنكه‌كانی رژێم له‌نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی ئه‌بو زوهر بڕۆن.

هێزه‌كانی رژێم هه‌فته‌ی رابردوو خان شه‌یخونیان كۆنترۆڵكرده‌وه‌ و له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییشدا له‌ باكوری شارۆچكه‌كه‌ گردبوونه‌ته‌وه‌ له‌كاتێكدا خۆئاماده‌ده‌كه‌ن بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ هێرشه‌كه‌یان.

شارۆچكه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شاڕێیه‌كی گرنگ كه‌ به‌ناو پارێزگای ئیدلیبدا ده‌ڕوات، كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی شاڕێكه‌ش رێده‌دات به‌ حكومه‌ت دیمه‌شق به‌ حه‌له‌به‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌.

بۆردومانی چڕی رژێم و روسیا له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا ناوچه‌كانی باكوری خان شه‌یخونیان كردۆته‌ ئامانج، له‌ ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌ی مه‌عه‌ره‌ت نوعمان، كه‌ خاڵی داهاتووه‌ له‌ باكوری شاڕێكه‌.

رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ دووشه‌ممه‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی رژێم و روسیا 12 مه‌ده‌نییان له‌ ناوچه‌كه‌ی ژێرده‌ستی تووندڕه‌وه‌كان كوشت.

هێرشه‌كه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت كه‌ ئه‌یلولی ساڵی رابردوو رێكه‌وتننامه‌یه‌ك له‌نێوان مۆسكۆ و ئه‌نقه‌ره‌ی پشتیوانی ئۆپۆزسیۆندا واژۆكرا بۆ رێگریكردن له‌ هێرشێكی سه‌رانسه‌ری بۆسه‌ر ئیدلیب.

بڕیاره‌ سه‌رۆكه‌كانی هه‌ردوو وڵات سێشه‌ممه‌ له‌ مۆسكۆ كۆببنه‌وه‌.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
نەخێر

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha