https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/newsbriefs/2019/06/24/newsbrief-01

لێپرسراوی مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوا له‌ وڵاتان ده‌كات ئه‌ندامانی خێزانه‌كانی داعش وه‌ربگرنه‌وه‌

لێپرسراوی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دووشه‌ممه‌ (24 حوزه‌یران) داوای له‌ وڵاتانی ئه‌ندام كرد بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌كانی چه‌كداره‌ تۆمه‌تباره‌كان له‌ سوریا، له‌نێویاندا هه‌زاران منداڵی بیانیی چه‌كدارانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.

داواكه‌ی لێپرسراوی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، میشێل باچێلێت له‌كاتێكدا هات كه‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان دووچاری بڕیاری دوولایه‌نه‌ بوونه‌ته‌وه‌ ده‌رباره‌ی خێزانی چه‌كداره‌ بیانییه‌ تووندڕه‌وه‌كان كه‌ له‌ سوریا و عێراق ده‌ستگیركراون یان كوژراون.

ئوسترالیا دووشه‌ممه‌ به‌فه‌رمی رایگه‌یاند كه‌ هه‌شت منداڵی بێدایكوباوكی چه‌كدارانی داعش له‌ كه‌مپێكی سوریا ده‌رهێنراون و ئێستا له‌ژێر چاودێریی حكومه‌تدان.

سه‌ره‌كوه‌زیران سكۆت مۆریسۆن پێشتر رایگه‌یاندبوو كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی ته‌نها یارمه‌تی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ده‌دات كه‌ په‌نایان بردۆته‌ به‌ر باڵیۆزخانه‌ و كونسوڵخانه‌كان.

مۆریسۆن وتی بڕیاره‌كه‌ی ئوسترالیا بۆ چاودێریكردنی هه‌شت منداڵه‌كه‌، كه‌ پێده‌چێت ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 2 بۆ 17 ساڵیدا بێت، هه‌ر وا "به‌ ئاسانی نه‌دراوه‌". به‌ڵام دواتر وتی كه‌ "نابێت منداڵان له‌سه‌ر تاوانه‌كانی دایكوباوكیان سزابدرێن".

چه‌كدارانی داعشی سه‌ر به‌ نزیكه‌ی 50 وڵات له‌ سوریا و عێراق ده‌ستگیركراون و زیاتر له‌ 11,000 كه‌سیش له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان له‌ كه‌مپی حۆل له‌ سوریا ده‌ستبه‌سه‌رن.

له‌ وتاری كردنه‌وه‌ی دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا، باچێلێت ویستی روونكردنه‌وه‌ بدات به‌و حكومه‌تانه‌ی دڵنیانین چۆن بارودۆخی خێزانه‌كانی چه‌كداره‌ تووندڕه‌وه‌كانی وڵاته‌كه‌یان چاره‌سه‌ربكه‌ن -- به‌ تایبه‌تیش منداڵه‌كان.

ناوبراو وتی: "ئه‌ندامانی خێزانه‌ بیانییه‌كان ده‌بێت بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌، مه‌گه‌ر بڕیاربێت دادگاییبكرێن له‌سه‌ر تاوانه‌كانیان به‌گوێره‌ی ستانداره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان."

وتیشی: "به‌تایبه‌تی منداڵان ناڵاندوویانه‌ به‌ده‌ست پێشێلكارییه‌ سه‌خته‌كانی مافه‌كانیانه‌وه‌، له‌نێویاندا ئه‌وانه‌ش كه‌ ره‌نگه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ گۆشكرابن یان راسپێردرابن بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تووندوتیژانه‌."

"كاری له‌پێشنه‌ ده‌بێت جێگریكردنه‌وه‌ی دۆخی ده‌روونییان و پاراستنیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بێت."

لێپرسراوی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌یكرد به‌وه‌ی كه‌ به‌مه‌زه‌نه‌ی یونیسێف نزیكه‌ی 29,000 منداڵی چه‌كداره‌ بیانییه‌كان هه‌ن له‌ سوریا -- كه‌ 20,000یان خه‌ڵكی عێراقن -- زۆربه‌شیان له‌ژێر ته‌مه‌نی 12 ساڵیدان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین