هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی سوریای دیموکرات "رۆژانە" شەڕکەری بیانی دەستگیردەکەن

هێزەکانی سوریای دیموکرات چوارشەممە (6 شوبات) رایانگەیاند كه‌ "رۆژانە" شەڕکەرانی بیانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەستگیردەکەن، دوای چەند رۆژیك لە پشتڕاستکردنەوەی دەستگیرکردنی مارتن لێمکەی توندڕەوی ئەڵمانی.

ئاژانسی فرانس پرێس هەفتەی رابردوو دەستگیرکردنی لێمكه‌ی راگەیاند دوای قسەکردن لەگەڵ دووان لە ژنەکانی کە وتیان بەیەکەوە لەدوایین پێگەی گروپەکە لە سنوری رۆژهەڵاتی سوریا هەڵهاتوون.

داعش ئێستا چنگی له‌ به‌شێكی زۆر بچوك گیركردووه‌ لەو رووبەرە فراوانەی پێشتر لەژێردەستیدا بوو، زۆربەی دانیشتوانیش هەڵدێن و خۆیان رادەست دەکەن پێش هێرشی کۆتایی.

وتەبیژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مستەفا بالی، وتی شەڕکەرانی داعش لەنێو ئەو مەدەنیانەدا خۆیان دەشارنەوه‌ کە هەڵدێن.

بالی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئێمە رۆژانە شەڕکەری بیانی داعش دەستگیردەکەین" و رەتیشیکردەوە زانیاری زیاتر سەبارەت بە دەستگیرکردنی لێمکە ئاشکرا بکات.

بەرپرسێکی کاروباری دەرەوەی کورد، عەبدولکەریم عومەر، چوارشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت هێزەکانی سوریای دیموکرات لانیکەم 50 شەڕکەری بیانی داعشیان دەستگیرکردووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا کە دووشەممە لە پێگەی ئەلیکترۆنیان بڵاوکرایەوە دەستگیرکردنی لێمکەیان راگەیاند.

بەیاننامەکە رایگەیاند كه‌ دوو توندڕەوی تریش دەستبەسەرکراون، کە بە حسین فەردیدی میسری و توندڕەوی سعودی، سالم شەمرانی، ناساندنی.

راشیگەیاند كه‌ هەرسێکیان دوای "دوو ئۆپەراسیۆنی تایبەت" لە 25 کانونی دووەم و 1 شوبات دەستگیرکران.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500