هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێن 8 توندڕەوی بیانیان دەستگیرکردووه‌ لەنێویاندا هه‌رزه‌كارێكی ئەمریکی

هێزەکانی سوریای دیموکرات چوارشەممە (9 کانونی دووەم) رایانگەیاند هەشت گومانلێکراوی توندڕەوی بیانیان لە شەڕی دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا دەستگیرکرد کە هه‌رزه‌كارێكی ئەمریکیشیان لەنێودایە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

هێزە کوردیەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە بەیانانمەیەکدا رایانگەیاند ئەو هەشت کەسە کە یەکشەممە و دووشەممە دەستگیرکران کەسێکی 16 ساڵی بەڕەگەز ئەمریکی و ئەڵمانییەك و روسێکیان لەنێودایە.

دوو کەسیشیان ئوزبێكین و ئەوانی تریش خەڵکی تاجیکستان و ئۆکرانیا و کازاخستانن.

یەکینەکانی پاراستنی گەل سەرکردایەتی شەڕی دژی داعشیان کردووە لە رۆژهەڵاتی سوریا کە نزیکن لە وەدەرنانی توندڕەوان لە دوایین حەشارگەیان لە نزیك سنووری عێراق.

ئەوان گەورەترین پێکهاتەی هێزەکانی سوریای دیموکراتن کە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشه‌وه‌ پشتیوانی دەکرێن.

ئەو راگەیەندراوە دوای ئەوە هات کە دووشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند دوو ئەمریکی، دوو پاکستانی و ئێرلەندییەکی توندڕەویان لە 30 کانونی یەکەم دەستگیرکردووە.

کوردەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەڵێن نزیکەی 1,000 شەڕکەری توندڕەوی بیانیان دەستگیرکردووە لەگەڵ 550 ژنی بیانی و 1,200 منداڵ کە لەگەڵیان ژیاون.

دەستگیرکراوان خەڵکی چەندین نەتەوەی جیاوازن و رێژەیەکی زۆری فەرەنسیشیان تێدایە.

ژمارەی توندڕەوانی ئەمریکی کە لەلایەن کوردەکانەوە دەستگیرکراون کەمه‌.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500