هه‌واڵه‌كانی عێراق

تورکیا 2 گومانلێكراوی داعشی فەرەنسی دەستگیردەکات کە لەلایەن ئینتەرپۆڵەوە داواکراون

دەسەڵاتدارنی تورکیا 12 گومانلێکراویان دەستگیرکرد بەگومانی پەیوەندییان بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌، لەنێویاندا دوو ژنی فەرەنسی کە ئینتەرپۆڵ بەدوایاندا دەگەڕا، ئاژانسی فرانس پرێس چوارشەممە (2 کانونی دووەم) رایگەیاند.

ئاژنسی هەواڵی ئەنادۆڵی سەر بە دەوڵەتی توركیا رایگەیاند گومانلێکراوان، لەنێویاندا هاوڵاتیانی فەرەنسی، سوری و جەزائیری، دوای هەڵکوتانە سەریان لەلایەن دژە تیرۆرەوە لە بورسای باکوری رۆژئاوای تورکیا دەستبەسەر کراون.

ئاژانسی ئەنادۆڵ و ئاژانسی هەواڵی دی ئێچ ئەی ناحكومی رایانگەیاند كه‌ لەنێو گیراواندا سێ ژن هەن، دووانیان فەرەنسین و فه‌رمانی سوور و شینی ئینتەرپۆڵیان لەدژ دەرکراوه‌.

ئاژانسەکە راشیگەیاند كه‌ هەندێك گومانلێکراو لەگەڵ توندڕەواندا لە سوریا بوون پێشئەوەی بێنە بورسا بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

گومانلێکراوێکی تر پێدەچێت پاسەوانی فەرماندەیەکی داعش بووبێت.

ئەنادۆڵ رایگەیاند كه‌ پێنج لە گومانلێکراوان رەوانەی بنکەکانی دیپۆرتكردنه‌وه‌ کراون.

زنجیرەیەك هەڵکوتانەسەر دژی گومانلێکراوانی داعش لە دوو هەفتەی رابردوودا لە تورکیا ئەنجامدران، بەتایبەتی پێش ئاهەنگەکانی سەری ساڵ.

بەرەبەیانی چوارشەممە، ژن و پیاوێك لە پارێزگای قەیسەری، ناوەڕاستی تورکیا، دەستگیرکران و بەوە تۆمەتبارکران کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و وازانراوە خەریکی ئامادەکردنی پلانێك بوون بۆ سەر ئاهەنگەکانی سەری ساڵ پێشئەوەی سێ مانگ لەمەوبەر لە فەرەنساوە بێنە تورکیا.

ئەنادۆڵ رایگەیاند كه‌ شەش کەسی بیانیش لە پارێزگای ئیلازیگی رۆژهەڵاتی تورکیا بەگومانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستبەسەرکران.

ئاژانسەکە لەزاری سەرچاوەی نەناسراوەوە رایگەیاند كه‌ چوار لە بیانیەکان -- کە ناسنامە و وڵاتەکانیان ئاشكرا نه‌كرا -- دیپۆرتکرانەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500