نۆ مۆڵگه‌ی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) له چه‌ندین ناوچه‌ی جیاوازی باشور و باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك وێرانكران، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق چوارشه‌ممه (2 كانونی دووه‌م) رایگه‌یاند.
وته‌بێژی فه‌رمانده‌ییه‌كه، عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ به دیارونای وت كه نۆ حه‌شارگه‌كه له ناوچه‌كانی حه‌مرین، وادی زغه‌یتوون، خه‌ناجیر، خاتونییه و حه‌یازه بوون و به ته‌واوی وێرانكران له چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی جیاوازدا له دوو ڕۆژی رابردوودا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی عێراقه‌وه.
وتیشی: "تیرۆریستێكی داواكراو و شه‌ش گومان‌لێكراو ده‌ستگیركران و چه‌ندین چه‌كی جۆراوجۆر، بڕی 200 كیلۆگرام ته‌قه‌مه‌نی، چه‌ندین موشه‌كی ئاراسته‌كراو و موشه‌كهاوێژی سه‌رشان (ئاڕپیجی) ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرا."
ناوبراو وتی: "سوپای عێراق له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیدا له‌و ناوچانه پێشڕه‌ویده‌كات بۆئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی له پاشماوه‌كانی داعش پاكیانبكاته‌وه و ئه‌و چه‌كدارانه‌ش ده‌ستگیربكات كه خۆیانده‌شارنه‌وه به‌سوودوه‌رگرتن له زه‌وییه به‌رده‌ڵانه‌كه‌ی ناوچه‌كه."