هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئەمریکا لەئێستادا بەردەوامدەبێت لە شەڕی ئاسمانی لە سوریا و داهاتووش روون نیه‌

سوپای ئەمریکا لە هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی لە سوریا بەردەوامدەبێت لانیکەم لەمەودای نزیکدا، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، پەنتاگۆن، پێنجشەممە (20 کانونی یەکەم) رایگەیاند، دوایئەوەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا راگەیاند.

ترەمپ وتی هەموو هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکشێنەوە، بەڵام ئەو باسی هێرشی ئاسمانی نەکرد کە ئەمریکا و وڵاتە هاوبەشەکانی وەك فەرەنسا و بەریتانیا چەندین ساڵە پێگەکانی داعش لەسەرانسەری وڵاتەکەدا بۆردوماندەکەن.

وتەبێژی پەنتاگۆن، فەرماندە رێبێکا رێباریچ، وتی ئەمریکا لە شەڕی ئاسمانی بەردەوامدەبێت هەتا سەربازە ئەمریکیەکان لە سوریا بن -- بەڵام ئەوەی نەووت ئاخۆ هێرشەکان دواتریش بەردەوام دەبن.

رێباریچ بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "هەتا سەربازەکان لەوێبن، ئەمریکا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدەدات وەك پشتیوانییەك بۆ هێزەکانمان."

وتیشی: "سەبارەت بە هەر شتێك بۆ قۆناغی دوای هێزە زەمینیەکان، ئێمە نامانه‌وێت پێشبینیی ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو بكه‌ین."

بەرپرسێکی بەرگری ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت کە "بەرچاوڕوونییەکی تەواو بۆ بارودۆخی داهاتوو نیە".

وتیشی: "ئەوەی ئێمە لە هێرشی ئاسمانیدا دەیکەین پەیوەستە بە بارودۆخی واقعییەوە و ئەوەی ئاخۆ هاوبەشان و هاوپەیمانانمان کە بەردەوامن لە شەڕی دژی داعشدا چی دەکەن."

فەرەنسا و بەریتانیا پێشتر ئەوەیان دەرخست لەسه‌ر ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش بەردەوامدەبن.

هاوکات دوو سەرکردەی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە سوریا دژی داعش شه‌ڕده‌كه‌ن، هەینی لە فەرەنسا بوون بۆ وتووێژ سەبارەت بە پلانی کشانەوەی سوپای ئەمریکا.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە باڵی سیاسی هێزەکەیە، ئیلهام ئەحمەد، وتی هاوپەیمانێتیە عەرەب-کوردەکە داوای پشتیوانی سەربازی و دیپلۆماسی لە فەرەنسا کرد.

وتیشی سەرکردەکانی ئەنجومەنەکە ترسیان لەوە هەیە "کۆنترۆڵ لەدەستبدەن" بەسەر توندڕەوە بیانیەکاندا کە لە بەندینخانەکانی کوردانی سوریادان ئەگەر داعش کشانەوەی ئەمریکا بەکاربهێنێت بۆ خۆڕێکخستنەوە یان ئەگەر تورکیا هێرشبکاتە سەر ئه‌و هەرێمه‌ ئۆتۆنۆمه‌ی کوردان رایانگه‌یاندووه‌.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500