سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، پێنجشەممە (20 کانونی یەکەم) سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا راگەیاند لە سوریا و بەپەلەش داوای کشانەوەی هێزە سەربازیە زەمینیەکانی ئەمریکای کرد لەو وڵاتە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
ترەمپ لە کورتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تویتەر بڵاوکرایەوە وتی: "ئێمە لە داعشمان بردەوە."
"ئێمە ئەوانمان تێكشكاند و زۆریش بەخراپی تێكمانشكاندن. ئێمە خاکمان لهدهستیان سهندهوه. ئێستاش کاتی ئهوهیه هێزەکانمان بگەڕێنەوە ماڵهوه."
بەرپرسێکی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت بڕیارەکەی ترەمپ سێشەممە درا.
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ هێزە سەربازیەکان لەسەرانسەری سوریا دەکشێنەوە، بەرپرسەکە وتی: "کشانەوەی تەواوەتی، ههمووی مانای ههمووی."
نزیکەی 2,000 سەربازی ئەمریکی بەمدواییانە لەو وڵاتەن کە زۆربەیان ئەرکی راهێنان و راوێژکارییان هەیە بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی ناوخۆ کە شەڕی داعش دەکەن.
هێزە کوردییهكانی سوریا کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن پێنجشەممە رایانگەیاند بەردەوامدەبن لە شەڕ دژی داعش لە رۆژهەڵاتی سوریا.
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مستەفا بالی، وتی: "شەڕی هەجین بەردەوامە،" وەك ئاماژەیەك بۆ بەرەی سەرەکیی شەڕ دژی داعش لە دۆڵی فورات.
بالی وتی: "بڕیارەکەی ئەمریکا تەنیا بڕیارێکە و تاکو ئێستا لە واقیعدا کاریگەریی لەسەر بارودۆخەکە نیە."
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ، پێنجشەممە شەڕ بەردەوامبوو.
فەرەنسا و بەریتانیا پێنجشەممە رایانگەیاند ئەوان پابەنددەبن بە شەڕهوه دژی داعش لە سوریا.
وتەبێژی سەرەکوەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مەی، وتی: "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، بەڵام زۆریش ماوە بکرێت و دەبێت چاومان نەنوقێنین لەو مەترسیەی هەیانە."
"تەنانەت بەبێ خاكیش بهدهستیانهوه داعش وەك ههڕهشهیهك دەمێنێتهوه."
"ئێمە پابەندین بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەڵمەتی لێسەندنەوەی خاك لە داعش و دڵنیابوون لە تێکشکانی و کارکردن شانبەشانی هاوپەشە ناوخۆییە گرنگەکان لە سوریا و شوێنی تر."
وەزیری فەرەنسا بۆ کاروباری ئەورپا، ناتالی لۆیسیۆ، بە کەناڵی سی نیوزی وت: "لە ئێستادا بەدڵنیاییەوە لە سوریا دەمێنینەوە."
وتیشی: "راستە کە هاوپەیمانان پێشکەوتنێکی گەورەیان لە سوریا بەدەستهێناوە بەڵام ئەو شەڕە بەردەوامە و ئێمەش بەردەوامیی پێدەدەین."