https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/newsbriefs/2018/11/01/newsbrief-01

×
×

ده‌وریه‌ی هاوبەشی ئەمریکا و تورکیا دەستیپێکرد لە مەنبیجی سوریا

هێزە سەربازیەکانی تورکیا و ئەمریکا ده‌ورییه‌ی هاوبەشیان ئەنجامدا لە شاری مەنبیجی باکوری سوریا پێنجشەممە (14 تشرینی دووەم)، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، وەك بەشێك لە هه‌وڵێك بۆ ئاساییکردنەوەی گرژیەکان لەنێوان هاوپەیمانانی ناتۆدا.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی سەربە حکومەت، وەزیری بەرگری تورکیا، هولوسی ئاکار، بە پەرلەمانتارانی راگەیاند: "ئەو ده‌وریه‌ هاوبەشانه‌ی مه‌نبیج لەنێوان هێزە سەربازیەکانی تورکیا و ئەمریکادا ئەمڕۆ کاتژمێری 3:53 دوانیوەڕۆ دەستیپێکرد."

شارەکە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتی پاڵپشتیلێکراو لەلایەن ئەمریکاوە کۆنترۆڵکراوە.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ ده‌ورییه‌كان لەدەوروبەری روباری ساجور ئەنجامدران کە مەنبیج و هەرێمی جەرابلوس لەیەك جیادەکاتەوە کە لەلایەن گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی پاڵپشتیلێکراو لەلایەن تورکیاوە لەده‌ست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) سه‌ندرایه‌وه‌ لە 2016.

سەرەتای ئەمساڵ تورکیا و ئەمریکا رێکەوتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە مەنبیج پاشەکشە بکەن.

وەك بەشێك لە نەخشەڕێگاکە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغلو، ئەوکاتە وتی رێکەوتنەکە دڵنیایی دەدات کە هێزەکانی سوریای دیموکرات مەنبیج بەجێبهێڵن، دواتر تورکیا و ئەمریکا بەیەکەوە کاردەکەن بۆ راگەیاندنی پێكهاته‌یه‌كی ئەمنی ناوخۆیی و بڕیاردەدەن کێ شارەکە بەڕێوەبەرێت.

هاوکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێنجشەممە رایگەیاند كه‌ کاردەکات بۆ هێورکردنەوەی شەڕ لەنێوان تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا لە سوریا.

وتەبێژی هاوپەیمانان، کۆلۆنێڵ شۆن رایان، لەسەر تویتەر وتی: "ئێمە لە پەیوەندیداین (لەگەڵ) هەردووك تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە."

هەنگاوەکە رۆژێك دوای ئەوە هات کە هاوپەیمانێتیه‌ عەرەبی-کوردیەکە هێرشێکی دژی داعش لە رۆژهەڵاتی سوریا راگرت دوایئەوەی تورکیا بۆردومانی پێگەکانی کرد.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کینۆ گابریل، پێنجشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سوریا "بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردراون" بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانیەکە هێشتا پێگەکانی خۆیان لەناوچەکەدا بەدەستەوەیە.

وتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشبردن وەستاون و ئۆپەراسیۆنی بەرگریش بەردەوامە. هێزەکانی ئێمە پێگەکانی بەرگری خۆیان بەهێزتردەکەن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین