هه‌واڵه‌كانی عێراق

رێکخراوێکی چاودێری: هێشتا 'سەختترین' تۆپباران لەدەوروبەری هەرێمی ئاگربەست لە سوریا ئه‌نجامده‌درێت

شەڕکەرانی ئۆپۆزسیۆن و توندڕەوان لەگەڵ هێزەکانی حکومەت لە باکوری سوریا شەو پێکیاندادا و ئەمەش "سەختترین" پێکدادان بوو لەوکاتەوەی رێکەوتنی ئاگربەست لەناوچەکە مانگی رابردوو راگەیاندرا، ئاژانسی فرانس پرێس پێنجشەممە (25 تشرینی یەکەم) رایگەیاند.

ناوچەیەکی "هەرێمی هێورکردنەوەی" 15-20 کیلۆمەتر فراوان لە 17 ئەیلول لەلایەن تورکیای پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆن و مۆسکۆی هاوپەیمانی حکومەت راگەیه‌نرا بۆ جیاکردنەوەی هێزەکانی حکومەت لە شەڕکەرانی ئۆپۆزسیۆن لە دوایین پێگەی سەرەکییان لە پارێزگای ئیدلیب و ناوچەکانی هاوسنووری.

روانگەی سوری بۆ چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ رایگەیاند كه‌ تۆپباران بەشێوەی پچڕپچڕ بەردەوامبوو بەڵام لە درەنگانی چوارشەممەدا زۆر خراپتر بوو.

بەرپرسی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "ئەوە سەختترین بۆردومان بوو له‌ 17 ئەیلولەوە."

"موشەك و تۆپبارانی حکومەتی سوریا کچێکیان لە کافر حەمرا کوشت،" کە شارۆچکەیەکی پارێزگای حەلەبە لەناو هەرێمی راگەیەندراوی هێوردکردنەوەدا.

بۆردومانی ئۆپۆزسیۆنیش لەناو هەرێمەکەدا ئەم هەفتەیە سێ مەدەنی کوشت لەناوچەیه‌كی ژێردەستی حکومەت.

عەبدولڕەحمان وتی درەنگانی چوارشەممە موشەکبارانی هەردووك توندڕەوان و شەڕکەرانی ئۆپۆزسیۆنی پاڵپشتیلێکراو لەلایەن تورکیاوە حەلەبیان کردە ئامانج و 10 کەسیان بریندارکرد.

بەرەی رزگاری نیشتمانی، کە هاوپەیمانێتیەکی ئۆپۆزسیۆنی پاڵپشتیلێکراوە لەلایەن تورکیاوە و گروپی سەرەکی چەکدارە لە ناوچەکەدا، رایگەیاند بە "چەکی سوك و مامناوەند" وەڵامی پێشێلکاریەکانی حکومەتیان داوەتەوە لەبەرامبەر رێکەوتننامەی ئاگربەستەکه‌دا.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، کە لەلایەن روسیا و تورکیاوە ئەنجامدرا، دەبوایە هەتا 10 تشرینی یەکەم ئۆپزۆسیۆن هەموو چەکە قورسەکان لەناوچەی هێورکردنەوە دووربخاته‌وه‌.

شەڕکەرە توندڕەوەکان -- کە مەبەست لێیان تەحریر شامە، کە هاوپەیمانێتییەکی توندڕەوە و باڵی دەسەڵاتدارە لە ئیدلیب و هەندێک لە سەرسەختەکانیش -- دەبوایە هەتا 15 تشرینی یەکەم هەرێمەکە بەجێبهێڵن.

روانگەکە وتی بەڵام 10 رۆژ دوایئەوە هیچ نیشانەیەکی کشانەوە یان کاروانی ئامادەکراوی چاودێران لەلایەن پاڵپشتیلێکراوانی رێککەوتنەکەوه‌ لەئارادا نیە.

هەردووك لایەنی روسیا و تورکیا رایانگەیاندووە كه‌ رێکەوتنی ئاگربەستەکە وەك خۆی دەمێنێتەوە سەرەڕای بەسەرچوونی کاتەکە و سەرکردەکانیشیان لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و ئەڵمانیەکەیان لە کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵیدا سەبارەت بە سوریا شەممە لە ئەستەنبوڵ بەیەكدەگەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500