رێکەوتنێك بۆ دوورکەوتنەوە لە هێرشی حکومەتی سوریا بۆسەر پارێزگای ئیدلیب هێشتا کاری لەسەر دەکرێت لەلایەن روسیا و تورکیاوە، نەتەوە یەکگرتووەکان پێنجشەممە (20 ئەیلول) رایگەیاند، جەختیشی کردەوە كه مەترسی لهسەر مەدەنیهكان هێشتا زۆره.
بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، جان ئێگەلاند، لە جنێڤ بە رۆژنامەوانانی وت: "ئەمە رێکەوتنی ئاشتی نیە. ئەمە رێکەوتنێکە بۆ خۆلادان له شەڕێکی یهكجار گەورە."
روسیای هاوپەیمانی حکومەتی سوریا و تورکیای پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن گەیشتنە رێکەوتنێك بۆ دروستکردنی هەرێمێكی ناسەربازیی هێورکردنەوە لە ئیدلیبی دوایین قەڵای ئۆپۆزسیۆن، کە نیوەی سێ ملیۆن دانیشتوانهكهی ئاوارەبوون لهو ناوچانهوه کە لەلایەن هێزەکانی سوریاوه گیراونەتهوە.
لەکاتی پێشکەشکردنی پوختەیەكدا سەبارەت بە رێکەوتنەکە، ئێگەلاند پێنجشەممە وتی نێردەی روسیا و تورکیا ئەوەیان روونکردەوە كه "هێشتا کاردەکەن ... لەسەر وردەکاریەکان."
هیواشی خواست كه ئەمە ئاماژەیەك بێت کە "شەڕە گەورەکە لابدرێت" لە ئیدلیب، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
ئێگەلاند وتی: "ئەگەرێکی گەورە دەبینم بۆ شەڕێکی زۆر. ئێمە نیگەرانی مەدەنیهكانین لەو ناوچانە، کەواتە هێشتا کۆتایی نەهاتووە."
بەگوێرەی راپۆرتەکان نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییداوە لەوەی هێرشێکی گەورە بۆسەر ئیدلیب ببێتە هۆی خوێناویترین رووداوی شەڕی حەوت ساڵەی سوریا، کە تێیدا زیاتر لە 360,000 کەس كوژراون و ملیۆنانیش ئاوارەبوون.
سەرەڕای نیگەرانیە بەردەوامەکان، ئێگەلاند وتی كه جارێكا بۆ ئێستا "دڵتهئمین" بوو.
وتیشی: "ئهم دهرەنجامه باشترینی ههموو چارەسەره واقعیه خراپهكان بوو."