هه‌زاران دانیشتووی ئیدلیبی سوریا به‌ره‌و ماڵه‌كانیان گه‌ڕانه‌وه، 48 كاتژمێر دوای ئه‌وه‌ی رێكه‌وتننامه‌یه‌ك راگه‌یه‌ندرا بۆ رێگریكردن له هێرشێكی رژێم بۆ گرتنه‌وه‌ی پارێزگاكه، ئاژانسی فرانس پرێس چوارشه‌ممه (19 ئه‌یلول) رایگه‌یاند.
له‌كاتێكدا هێرشه ئاسمانییه‌كان له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا چڕتربوونه‌وه، مه‌ترسی هێرشێكی پاڵپشتیكراو له‌لایه‌ن روسیاوه بووه هۆی هه‌ڵهاتنی هه‌زاران مه‌ده‌نی له ناوچه‌كانی نزیك به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ.
روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند كه چه‌ندین مه‌ده‌نی به‌ره‌و ماڵه‌كانیان گه‌ڕانه‌وه دوای ئه‌وه‌ی رێكه‌وتن له‌نێوان روسیا و ئۆپۆزسیۆنی پاڵپشتیكراو له‌لایه‌ن توركیاوه ئه‌نجامدرا بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌ك به‌بێ هیچ هێزێكی سه‌ربازی له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ، وه‌ك یه‌كه‌مین هه‌نگاو له رێكه‌وتنێكی به‌رفراوانتر.
سه‌رۆكی روانگه‌كه، رامی عه‌بدولڕه‌حمان وتی: "نزیكه‌ی 7,000 كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه شار و گونده‌كانیان له‌كاتی راگه‌یاندنی رێكه‌وتننامه‌كه رۆژی دووشه‌ممه، به‌تایبه‌تی له باشوری خۆرهه‌ڵاتی ئیدلیب و باكوری حه‌ما(ی هاوسێی)."
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌وریاییه‌وه پشتگیرییكرد له رێكه‌وتننامه‌كه‌ی روسیا و توركیا.
نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری مرۆیی له سوریا، عه‌لی زه‌عته‌ری چوارشه‌ممه وتی: "ئێمه له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و لایه‌نانه‌دا په‌یوه‌ندیده‌گرین كه به‌شدارن، بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر و ئه‌وه‌ی كه چۆن ده‌كرێت ئه‌مه به‌كاربهێنرێت بۆئه‌وه‌ی بتوانین ده‌ستمانبگاته ژماره‌یه‌كی زیاتری ئه‌و كه‌سانه‌ی پێویستیان به یارمه‌تییه."