هەر هێرشێك به چەکی کیمیایی بۆسەر دوایین پێگەی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا "لێکەوتە"ی بۆ رژێمی دیمەشق بەدوادادێت، وەزیری بەرگری فەرەنسا، ژان-ییڤ لۆ دریان پێنجشەممە (13 ئەیلول) لە پهكین هۆشدارییدا.
هێزەکانی رژێم، كه لەلایەن روسیاوە پشتیوانی دهكرێن، لەم هەفتانەی دواییدا لەدەوری ئیدلیب کۆبوونەوە کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترسی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ گرتنەوەی ئەو دوایین قەڵا سەرەکییەی ئۆپۆزسیۆن.
لەکاتی قسەکردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وانگ یای هاوتا چینیەکەیدا، لۆ داریان وتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هێرشەکەدا دەبێتە هۆی وەڵامدانەوە لەلایەن پاریسەوە.
وتیشی: "فەرەنسا هۆشداریدەدات دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی" و بە "هێڵی سوری" ناوبرد.
رژێمی ئەسەد دوو جار لەلایەن هێرشی ئاسمانی و موشەکی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج دوای دەنگۆی هێرشی کیمیایی پێشتر و بەرپرسانی ئەمریکاش ماوهیهك لهمهوپێش وتیان کاردانەوەی زیاتریان دەبێت ئەگەر ئەسەد چەکی قەدەغەکراو لە ئیدلیب بەکاربهێنێت.
ئەمریکا هێرشێکی موشەکی ئەنجامدا بۆسهر بنکەیەکی ئاسمانیی سوریا لە نیسانی 2017 دوای دەنگۆی هێرشی کیمیایی لە ئیدلیب لەکاتێکدا دووەم هێرشی ئاسمانی بەسەرکردایەتی ئەمریکا و پاڵپشتیی هێزی سەربازی بەریتانیا و فەرەنسا، لە نیسانی ئەمساڵدا ئەنجامدرا.
لۆ دریان وتی هەر هێرشیکی کیمیایی لەلایەن رژێمەوە لە ئیدلیب "هەمان لێکەوتەی دەبێت کە لە نیسان بینیمان."
لەماوەی ئەو شەڕە حەوت ساڵهیەدا هێزەکانی رژێمی سوریا بەپێی راپۆرتەکان تۆمەتبارکراون بە کردنە ئامانجی ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن بە چەکی کیمیایی -- بەزۆری بە کلۆرین، بهڵئم به گازی کوشندەی سارین كه كاریگهریی بۆسهر مێشك ههیه.
رژێم و روسیا بەبەردەوامی ئەو دەنگۆیانەیان رەتکردۆتەوە و لەبری ئەوە شەڕکەرانی ئۆپۆزسیۆنیان تۆمەتبارکردووە.
بەڵام لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی گهیشتوونهته ئهو دهرهنجامهی کە رژێم لانیکەم لە سێ حاڵەتدا چەکی کیمیایی دژی مەدەنیان بەکارهێناوە لەکاتێکدا رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بە بەکارهێنانی گازی خەردەل تۆمەتبارکراوە.