نێردهی ئاشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سوریا پێنجشەممە ( 30 ئاب) پێشنیازیکرد بچێتە ئیدلیب تا دڵنیابێت لەوەی مەدەنیەکان دەتوانن شارەکە جێبهێڵن لە راڕەوی مرۆییەوە، بەهۆی ترسی هێرشێکی چاوەڕوانکراوی حکومەتهوه بۆ گرتنەوەی دوایین ناوچەی سەرەکی ژێردەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
ستافن دی میستورا لە جنێف بە رۆژنامەوانانی وت: "من دووبارە ئامادەم... خودی خۆم به شهخسی لهو مەسەلەیەوە بگلێنم... تادڵنیایی بدەم لەوەی راڕەوی مرۆیی دەکرێتەوە و گهرەنتی بدەم بە خەڵك تا بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان کە ئهمه تەواوبوو."
قسەکانی لەکاتێکدایە کە ترسی ئەوە هەیە حکومەتی سوریا، بە پشتیوانی روسیا، خۆی کۆبکاتەوە بۆ هێرشێکی سەربازی بۆ گرتنەوەی ئیدلیب.
ئیدلیب، کە هاوسنوری تورکیایە، شوێنی نزیکەی سێ ملیۆن کەسە، کە نزیکەی نیوەیان چەکداری ئۆپۆزسیۆن و مەدەنین و بەکۆمەڵ لەو ناوچانەی دیکەوە گوازراونەتەوە کە کەوتوونەتەوه ژێردەستی هێزەکانی سوریا دوای هێرشی چڕوپڕ.
هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە لە ئیدلیب ئەگەری کارەساتی مرۆیی گەورەی لێدەکەوێتەوە بەهۆی ئەوەی هیچ ناوچهیهك لهژێردهستی ئۆپۆزسیۆندا نهماوه لە سوریا تا خەڵکی بۆ بگوێزرێتهوه.
دی میستورا وتی: "ئیدلیبێكی دیکە نیە." جەختیشی کردەوە لە پێویستی دڵنیاییدان بەوەی مەدەنیهکان دەتوانرێت بگوێزرێنەوە بۆ شوێنە نزیکەکانی ژێردەستی حکومەت بە گهرەنتیدان لەوەی مافەکانیان رێزی لێدەگیرێت کە گەیشتنە ئەوێ.
وتیشی: "راستیەکەی مهسخهرهیهكی کارەساتبار دەبێت کە تاڕادهیهك له کۆتاییدا ... شەڕێکی ناوچهیی لهنێو سوریادا، شایەتی تۆقێنەرترین تراژیدیا بین بەرامبەر زۆرترین ژمارەی مەدەنیەکان."
"لەم قۆناغەدا تەواو کارەسات دەبێت، چونکە بینیمان حهوت ساڵ (شەڕی سوریا) چەند سەخت بوو."
زیاد لە 350,000 کەس کوژراون و بە ملیۆنان ئاوارەبوون لەوەتەی شەڕەکە لە 2011 دەستیپێکردووە.