هێزەکانی عێراق شانەیەکی نۆ ئەندامیی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان لەچەند ئۆپەراسیۆنێکدا ئاشکراکرد کە لەماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا لە ناوچەکانی ناوەوە و دەرەوەی موسڵ ئەنجامدرا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا پێنجشەممە (23 ئاب) رایگەیاند.
فەرماندەی فەرماندەییەکە، نەجمەدین کەریم جبوری، بە دیارونای وت: "هێزەکانی سوپا بەهاوکاری لەگەڵ بەڕێوبەرێتی هەواڵگری سەربازی، حەوت ئەندامی کارای داعشیان دەستگیرکرد کە لە کردەوە و ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆری تیرۆرستی تێوەگلابوون."
وتیشی: "چاودێری بەردەوامی زیاتر لە مانگێك ئەو تیرۆرستانەی خستە تۆڕەوە و چەك و تەقەمەنیشیان پێگیراوە."
هەروەها وتی دوو ئەندامی شانەکە کە توانییان هەڵبێن لەژێرچاودێریدان و ئاماژەشی كرد بەوەی وێنەکانیان بەسەر هەموو بازگەکاندا دابەشکراوە.