ژمارەی کوژراوان بەهۆی تەقینەوە خۆکوژیەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و هێرشەکانهوه بۆ سەر شاری سوهیدا له سوریا له 250 تێپەڕی پێنجشەممە (26 تەمموز)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
چوار تەقینەوەی خۆکوژی چوارشەممە شارەکەی کردە ئامانج لەکاتێکدا شەڕکەرانی تری داعش بە چەك و تەقەمەنییەوە هێرشیان کردەسەر گوندەکانی لای باکور و رۆژهەڵاتیهوه.
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ ژمارەی کوژراوان گەیشتە 252 کەس لە پێنجشەممەدا، کە 139 کەسیان مەدەنی بوون.
کوژراوانی تر شەڕکەرانی سەربە حکومەت و ئەو دانیشتوانە بوون کە بۆ پاراستنی گوندەکانیان چەکیان هەڵگرتووە.
روانگەکە رایگەیاند كه لانیکەم 63 توندڕەو لهوانهی هێرشەکەیان ئەنجامدا، کوژراون.
بهگوێرهی پێگە هەواڵیەکان لە سوهیدا هەندێك توندڕەو کە بەشدارییان كرد له هێرشەکەی چوارشەممەدا راڕەوی سەلامەتییان پێدرابوو تا لە کەمپی ئاوارەکانی یەرموک بچنە دەرەوە لە كهنارهكانی باشوری دیمەشق.
دوایین شەڕکەرانی داعش له کەمپەکە لە ئابدا بە پاس لەگەڵ کەسوکاریان گوێزرانەوە بۆ ناوچه بیابانیهكان کە هێشتا لەژێردەستی گروپەکەدان.
ماڵپهڕهكانی سوهیدا چەند وێنەیەکیان بڵاوکردەوە کە پێدەچێت شەڕکەری داعش بن لە هێرشەکەدا کوژرابن و ناسنامەکانیان ئەوە پیشاندەدەن کە خەڵکی یەرموك بوون.
هاوکات روانگەکە پێنجشەممە رایگەیاند كه هێزەکانی رژێم پێشڕەوییان کردووە لە ناوهچه گوندنشینهكانی رۆژئاوای پارێزگای دەرعای هاوسێی کە لەوێ شارۆچکەی سەهام جۆلانی ژێردەستی داعشیان گرتۆتەوە.
روانگەکە و رۆژنامەکانی سەربە حکومەت رایانگەیاند كه هێزەکانی حکومەتی سوریا پێنجشەممە ئاڵای وڵاتەکەیان لە پێشەوەی بەرزاییەکانی جۆڵان بەرزکردهوه، چوار ساڵ دوای ئهوهی بۆ دواجار لەوێدا جێگیرکرابوون.
سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی هێزەکانی رژێم ئاڵای وڵاتیان لە دووڕیانی قونەیترە هەڵکرد کە خاڵی سنووریی سەرەكییە لەگەڵ جۆلانی داگیرکراو.