بۆردومانێکی چڕی ئاسمانیی روسیا بۆسەر شارۆچکەكانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە باشوری سوریا 22 مەدەنییان کوشت پێنجشەممە (28 حوزەیران)، کە خوێناویترین رۆژ بوو تائێستا له هێرشهكهی حکومەتدا بۆسهر ئهو ناوچە ستراتیژیانه، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
بەهاوکاری مۆسكۆ، سوپای بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا بۆ زیاتر لە هەفتەیەكه ئەو ناوچانەی باشور دهكوتن بە هێرشی ئاسمانی و موشەك و بەرمیله بۆمب.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆردومانەکە زیاتر لە 45,000 کەسی ناچارکردووە لە ماڵەکانیان هەڵبێن بۆ گەڕان بەدوای سەلامەتیدا لەکاتێکدا ئەوانیتر لە ژێرزەمینەکانیاندا کۆبوونەتەوە و چاوەڕێی هێرشەکان دەکەن.
رێکخراوێکی چاودێری رایگەیاند كه هێرشە ئاسمانیەکان، کە بە هی روسیا ناسراون، پێنجشەممە 22 مەدەنییان کوشت، کە زۆربەیان لە یەك شارۆچکە بوون.
روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ رایگەیاند: "لانیکەم 35 هێرشی ئاسمانیی روسیا شارۆچکەی مسەیفرەیان کردەئامانج."
راشیگەیاند: "یەکێکیان ژێرزەمینێکی کردە ئامانج کە خەڵك خۆیان تێدا حەشاردابوو، 17 کەسی کوشت، لەنێویاندا پێنج منداڵ."
روانگەکە و رێکخراوە کۆمەکبەخشەکان رایانگەیاند كه نەخۆشخانەی مسەیفرە بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانی روسیاوە شەوی پێنجشەممە لەکارکەوت.
پێنج مەدەنی تر لە ناوچەکانی دەرعای ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن کوژران کە پارێزگایهكی سەرەکیە لە باشوری سوریا.
سەرۆكی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "ئەمە بەرزترین ژمارەیە لەوکاتەوەی ههڵمهتهكان دەستیانپێکرد لە 19 حوزەیران." وتیشی ئەمە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی بەرزکردەوە بۆ 93 کەس.