هه‌واڵه‌كانی عێراق

هەزاران کەس دوما بەجێدەهێڵن له‌كاتێكدا پرۆسەی گواستنەوە بەرەو کۆتایی دەچێت

هەزاران شەڕکەری ئۆپۆزسیۆن و کەسوکاریان شارۆچکەی دومای سوریایان بەجێهێشت کە پێشتر لەژێردەستیاندا بوو له‌كاتێكدا دوایین گواستنەوەکان لە غوتەی رۆژهەڵات هەینی (13 نیسان) بەردەوامبوون، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

شەڕکەرانی جەیش ئیسلام لەشەودا شوێنەکەیان بەجێهێشت لەگەڵ هەزاران مەدەنی بە 85 پاس کە گواستنیانەوە بۆ ناوچەکانی باکوری سوریا کە هێشتا لەژێردەستی گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆندان.

گواستنەوەکان بەشێکن لە رێککەوتنێك کە لەلایەن روسیای هاوپەیمانی سوریاوە رێكخراون بۆ سه‌پاندنه‌وه‌ی دەسەڵاتی رژێم بەسەر غوتەی رۆژهەڵاتدا کە ناوچەیەکه‌ له‌ دەرەوەی دیمەشق.

روانگەی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگەیاند: "دوای نیوەشەو، 85 پاس غوتەی رۆژهەڵاتیان بەجێهێشت کە 4,000 کەسیان هەڵگرتبوو لە هەردووك شەڕکەر و مەدەنییان."

بەرپرسی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "لەماوەی چەند رۆژێكی کەمی رابردوودا زۆربەی شەڕکەرانی جەیش ئیسلام دومایان بەجێهێشت بە چوار شەپۆلی یەک لەدوای یەکدا."

گروپەکە دواهه‌مین بوو لە هه‌رێمه‌كه‌دا كه‌ رازینه‌ده‌بوو به‌و چوونەدەرەوەیه‌ی لەلایەن روسیاوە پێشنیارکرابوو بەڵام هێرشێك كه‌ گومانده‌كرێت به‌ کیمیایی كرابێت لەلایەن رژێمەوە لە 7 نیسان پێدەچێت ئیرادەی تێکشکاندبن.

رژێم بەبەردەوامی نکولی لە هێرشەکە کردووە و شاندێکی پسپۆڕانی چاودێر لە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی گەیشتنە دیمەشق بۆ لێکۆڵینەوە.

ئەوان پێدەچێت شەممە دەستبه‌كاربن.

عەبدولڕەحمان وتی: "دەبێت ئۆپەراسیۆنی چۆڵکردنه‌كه‌ کۆتایی پێبێت پێشئەوەی پسپۆڕەکان بچنەناو دوماوه‌."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500