ساڵێك دوای ئەوەی شارۆچکەی خان شهیخونی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن بە گازی سارین هێرشی کرایەسەر، ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی بەڵێنیاندا کە سەرۆك بەشار ئەسەد بەرپرسیاردهكرێت، ئاژانسی فرانس پرێس چوارشەممە (4 نیسان) رایگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکا بەتوندی رەخنەیان لە روسیاش گرت بۆ شکستهێنان لە داماڵینی هاوپەیمانەکەی لە چەکی کیمیایی کوشندە.
رایانگەیاند: "ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر هێرشە قێزەونەکەدا تێپەڕدەبێت... کە هێزەکانی ئەسەد گازی سارینیان رژاند و ئاکامی کارەساتباری هەبوو بۆ سەدان پیاو و ژن و منداڵ."
وەزیرانی دەرەوە، بۆریس جۆنسن، ژان-ییڤس لۆ دریان و هایکۆ ماس و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە وەکالەت، جۆن سولیڤان، رایانگەیاند: "ئێمە سەرکۆنەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکەین لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت و لە هەر شوێنێك بێت."
"بەرپرسین لەوەی دڵنیایی بدەین کە هەموو ئەوانەی بەرپرسن لێیان دەپرسرێتەوە. لە هەوڵەکانمان وچان نادەین بۆ دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری بۆ قوربانیانی ئەم تاوانە نەگریسە لە سوریا."
وەزیرەکان رایانگەیاند: "لە 2013، روسیا بەڵینیدا دڵنیایی بدات لەوەی سوریا واز لە هەموو چەکە کیمیاییەکانی دەهێنێت."
راشیانگەیاند: "لەوکاتەوە، لێکۆڵەرە نێودەوڵەتیەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆیان دەرکەوتووە كه رژێمی ئەسەد بەرپرس بووە لە بەکارهێنانی گازی كوشنده لە چوار هێرشی جیاوازدا."
ههروهها رایانگەیاند: "لەجیاتی بەجێگەیاندنی بەڵێنەکەی، روسیا ئەنجومەنی ئاسایشی بەکارهێنا بۆ ڤیتۆکردن و داخستنی لێکۆڵینەوەکە."
هۆشدارییشیان دا: "هەرجارێك چەکی کیمیایی بەکاربهێنرێت، لە بایەخی کۆدەنگی جیهانی دژی بەکارهێنانی کەمدەکاتەوە."
"هەر بەکارهێنانێکی لەوشێوەیە پێشێلکارییەکی ئاشکرای جاڕنامەی چەکی کیمیایی و پشتگوێخستنێكی بەزەبری سیستمی نێودەوڵەتیی پاڵپشت بە یاسایە."