كۆشكی سپی چوارشه‌ممه (4 نیسان) رایگه‌یاند ئه‌ركی سوپای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له سوریا "به‌ره‌و كۆتاییه‌كی خێرا" ده‌چێت، به‌ڵام هیچ كاتێك بۆ كشانه‌وه دیارینه‌كراوه، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.
چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ رایگه‌یاند كه ئه‌و 2,000 سه‌ربازه‌ی یارمه‌تی شه‌ڕ دژی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی"(داعش) ده‌ده‌ن، به‌م نزیكانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه نیشتمان، كۆشكی سپی كۆتاییهێنا به گفتووگۆ ده‌رباره‌ی كشانه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ.
كۆشكی سپی له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "ئه‌ركی سه‌ربازی بۆ له‌ناوبردنی ته‌واوه‌تی داعش له سوریا به‌ره‌و كۆتاییه‌كی خێرا ده‌ڕوات، له‌كاتێكدا داعش تاڕاده‌یه‌ك به‌ته‌واوی تێكشكاوه."
"ئه‌مه‌ریكا و هاوكاره‌كانمان به‌رده‌وامده‌بین له بنبڕكردنی ئه‌و ئاماده‌ییه بچوكه‌ی داعش له سوریا كه هێزه‌كانمان هێشتا به‌ته‌واوه‌تی بنبڕیاننهكردووه."
"ئێمه به‌رده‌وامده‌بین له گۆڕینه‌وه‌ی راوبۆچوونه‌كان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان و هاوڕێكانمان بۆ پلانه‌كانی داهاتوو. چاوه‌ڕێده‌كه‌ین وڵاتانی ناوچه‌كه و ده‌وروبه‌ر، به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشه‌وه، كاربكه‌ن بۆ ئاشتی و ئه‌وه‌ش مسۆگه‌ربكه‌ن كه جارێكی تر هه‌رگیز داعش سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه."
به گوێره‌ی واشنتۆن پۆست، تره‌مپ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی راسپاردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئامادهكاریبكهن بۆ كشانه‌وه له سوریا، به‌ڵام هیچ به‌روارێكی دیارینه‌كردووه بۆ ئه‌نجامدانی.
سه‌رۆكی هه‌واڵگری نه‌ته‌وه‌یی، دان كۆتس، وتی تره‌مپ سێشه‌ممه له كۆشكی سپی به‌شداربوو له "گفتوگۆیه‌كی گرنگ" له‌گه‌ڵ تیمی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌رباره‌ی ئه‌ركه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سوریا.
تره‌مپ سێشه‌ممه وتی ده‌یه‌وێت سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا "بێنه ده‌ره‌وه" له سوریا، ته‌نانه‌ت له‌كاتێكدا به‌رپرسه باڵاكانی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیانكرده‌وه له‌سه‌ر پێویستیی مانه‌وه‌یه‌كی درێژمه‌ودا.
تره‌مپ سێشه‌ممه وتی: "ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كه‌مان له سوریا كۆتاییپێهێنانی داعش بوو. تاڕاده‌یه‌ك ئه‌و ئه‌ركه‌مان ته‌واوكردووه. به‌خێراییش بڕیارێكدهدهین به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر له ناوچه‌كه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چیبكه‌ین."
كۆشكی سپی رایگه‌یاند كه چوارشه‌ممه له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، تره‌مپ و سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ئیمانوێل ماكرۆن گفتوگۆیانكرد ده‌رباره‌ی ئه‌ركه‌كانیان بۆ "تێكشكاندنی ته‌واوه‌تی" داعش.