ره‌تكردنه‌وه‌ی بانگه‌شه‌كانی ئاگربه‌ست له سوریا "كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی دڕندانه" پیشانده‌دات به‌رامبه‌ر ئازاركێشانی ملیۆنان منداڵ كه پێویستیان به ناوبڕێكی كاتی هه‌یه له‌و توندوتیژییه، به‌رپرسێكی سه‌ره‌كیی مافه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سێشه‌ممه (13 ئازار) رایگه‌یاند.
بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر كه بانگه‌شه‌ی كرد بۆ ئاگربه‌ستێكی 30 رۆژه له‌سه‌رانسه‌ری سوریادا، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان پشتگوێخراوه و هێرشه‌كان بۆسه‌ر هه‌رێمی ئابڵۆقه‌دراوی غوته‌ی خۆرهه‌ڵاتی ژێرده‌ستی ئۆپۆزسیۆن له‌زیادبووندان.
كه‌یت گیلمۆر، جێگری كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافی مرۆڤ، داوای كرداری ده‌ستبه‌جێی كرد بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و منداڵانه‌ی كهوتوونهتهژێر كاریگه‌ری شه‌ڕه‌كه، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.
له ئاماژهكردنێكدا بۆ ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ناوبراو به تایبه‌تی باسی ئه‌و 125,000 منداڵه‌ی كرد كه له غوته‌ی خۆرهه‌ڵات گیریانخواردووه، "به‌شێكیان به‌سه‌ختی توشی به‌دخۆراكی هاتوون، زۆربه‌شیان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو توشی شۆكی ده‌روونی بوون."
وتی: "ئه‌وه‌ی كه به‌سه‌ر ئه‌و منداڵانه‌دا دێت بۆ پیشاندانی له‌سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن زۆر هه‌ژێنه‌ره، به‌ڵام پێده‌چێت هێنده هه‌ژێنه‌ر نه‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی كه ده‌توانن ئه‌و توندوتیژییه بێمانه‌یه بوه‌ستێنن."
پرسیاریشی كرد: "ئه‌مه یه‌كسان نیه به كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی دڕاندانه به‌رامبه‌ر ئه‌و منداڵانه‌ی ئازاردهكێشن كه بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ ئاگربه‌ست پشتگوێخراوه؟"
پانۆس ماوتزیس، كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری مرۆیی له سوریا، سێشه‌ممه وتی كه 2017 "كوشنده‌ترین ساڵی شه‌ڕی سوریا بوو بۆ منداڵان."
ماوتزیس به په‌یامنێرانی وت: "به‌داخه‌وه، به‌ڕاستی 2018 به شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ ده‌ستیپێكرد." وتیشی كه له دوو مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا "زیاتر له 1,000 منداڵ یان كوژراون یان برینداربوون به هۆی توندوتیژییه‌كانه‌وه له چه‌ندین شوێن".
ته‌واوی دوو له‌سه‌ر سێی 8.4 ملیۆن منداڵی سوریا پێویستیان به هاریكاریی مرۆیی هه‌یه، له‌كاتێكدا یه‌ك ملیۆنیان له‌و ناوچانه ده‌ژین كه گه‌یشتن پێیان زه‌حمه‌ته له‌لایه‌ن كاروانه مرۆییه‌كانه‌وه و 170,000 له ناوچه ئابڵۆقهدراوهكانن، به پێی ئاماره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.