رێکخراوە کۆمەکبەخشەکان کاروانێکی گرنگی کەلوپەلی خۆراك و تەندروستییان دواخست بۆ غوتەی رۆژهەڵات پێنجشەممە (8 ئازار) لهكاتێكدا رژێمی سوریا بهردوامبوو له هێرشی بێوچانی زەمینی و ئاسمانی دژی ئەو ناوچەیەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
دەیان کەس، لەنێویاندا منداڵ، لە شەودا چارەسەرکران کە کێشەی هەناسەدانیان هەبوو لەگەڵ ئەو نیشانانەی کە پزیشکان وتیان هاوشانبووە لەگەڵ هێرشەکانی کلۆرین.
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، هێرشی ئاسمانی نوێ بۆ سەر شارۆچکەی زەمالکه لانیکەم حەوت مەدەنی کوشت کە سەرجەمی ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی گهیانده زیاتر لە 90 کەس.
بارهەڵگری کۆمەکەکان مەبەستیانبوو هاوکاری بهگهیهننه مەدەنیانی شەکەت لەدەستی شەڕ کە بۆ پێنج ساڵە لەژێر گەمارۆی حکومەتدا دەژین و ئێستا رووبەڕووی هێرشێکی کوشندە بوونەتهوە بە پاڵپشتی روسیا.
شەڕەکە تووڕەبوونێکی نێودەوڵەتی لێکەوتۆتەوە کە وایکرد ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستێکی بەپەلە و گەیاندنی کۆمەك و گواستنهوهی خهڵك بکات.
بەڵام لهگهڵ بهردهوامیی بۆردومانەكان، ئەو کاروانەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سووری عەرەبیی سوری پلانیان بۆ دانابوو بۆ پێنجشەممە بگات نەیتوانی بچێتە ناوەوە.
وتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، ئینجی سێدکی، وتی: "کاروانەکەی ئەمڕۆ دواخرا چونکە بارودۆخی ناوچەکە رێگامان پێنادات کارەکە ئەنجامبدەین لەو دۆخەدا."
ئەوە دووەم جارە ئەم هەفتەیە هەڵمەتی هاوکاری بپچڕێت بەهۆی دۆخی سەربازییەوە کە گەیاندنی خۆراكیش دووشەممە بەهۆی بۆردومانەوە کەمبووهوە.
بەگوێرەی کۆمەڵگەی پزیشکانی سوری-ئەمریکی کە پشتیوانی نەخۆشخانەکان دەکات لە غوتەی رۆژهەڵات، لە یەکێك لە ناوهنده پزیشكیهكانی شارۆچکەکەدا پزیشکان لانیکەم 29 نەخۆشیان چارەسەرکرد کە نیشانەی بەرکەوتنی کلۆریان پێوەبوو
راشیگەیاند قوربانیەکان ئازاریان دەچەشت بەهۆی تهنگهنهفهسی و خنەخن و سووربونەوەی چاوهوه کە هەموویان نیشانەی هاوتان لەگەڵ هێرشی ژەهراوی.
هێزەکانی رژێم بەگوێرەی راپۆرتەکان تۆمەتبارن بە بەکارهێنانی کلۆرین لە غوتەی رۆژهەڵات لەم هەفتانەی دواییدا کە هەردووك حکومەت و روسیا بەتووندی نکوڵییان لێکرد.