دوو ئەندامی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە سەر بە شانەیەکی رفاندنی بهدناو بوون بۆ تۆمارکردنی ڤیدیۆكانی سەربڕین، لە سوریا دەستگیرکران، ئاژانسی فرانس پرێس پێنجشەممە (8 شوبات) رایگەیاند.
بەرپرسێکی بەرگری ئەمریکا پێنجشەممە پشتڕاستیکردەوە ئەو دوو ئەندامەی گروپەکە کە هێشتا لە مەیدانی شهڕدا بوون، ئەلێکزەندرا ئامۆن کۆتەی و ئەلشافی ئەلشێخ، لە کانونی دووەم دهستگیركران لە رۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە.
بەرپرسەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو دووانە پێدەچێت "بەشدارییان کردبێت لە گرتن و چەوساندنەوە و کوشتنی زیندانیه رۆژئاواییەکاندا."
بەرپرسەکە وتیشی ئەو دووانە "پێدەچێت وەكو پاسەوان و وەرگێڕ کاریانکردبێت کە تێوەگلاون لە گرتنی بارمتە رۆژئاواییەکاندا و گوماندهكرێت پەیوەندییان بەو تیرۆریستە بەریتانیەوە هەبێت کە بە 'جیهادی جۆن' ناسرابوو".
ساڵی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کۆتەی "لەوانەیە" بەشداریکردبێت لە کوشتنی خەڵك و "شێوازی زۆر دڕندانەی ئەشکەنجەی بەکارهێنابێت، لەنێویاندا لێدانی تەزوی کارەبا و سەر نوقمکردن لەئاودا" لەکاتی پاسەوانیکردنی بارمتەکانی گروپەکەدا.
سەبارەت بە دوو ئەندامەکەی تری شانەکە، محەمەد ئیموازی -- "جیهادی جۆن" -- لە هێرشێکی ئاسمانی هاوپەیماناندا کوژرا لە 2015 و ئاینی داڤیسیش لە تورکیا دەستگیرکراوە.
بەگشتی شانەکە زیاتر لە 20 بارمتەی بیانییان لەژێردەستدابوو لە ماوەی 2014-2015 و بەپێی راپۆرتەکان ملیۆنان دۆلاریان وەرگرت وەك پارەدان لەپای ئازادکردنیاندا.
ئەو بارمتانەی رزگاریانبوو وتیان لێیاندراوە و ئەشکەنجەدراون. لەنێو ئەوانەی کوژراشن رۆژنامەوانانی ئەمریکی، جەیمس فۆلی و ستیڤن سۆتلۆف، هەبوون لەگەڵ رۆژنامەوانی یابانی، کێنجی گۆتۆ و كارمهندانی کۆمەکی مرۆیی بەریتانی، دەیڤد هاینیس و ئالان هێنینگ.
بەرپرسە ئەمریکیەکە وتی: "ئەلشافی ئەلشێخ و کۆتەی نمونەی بەشێکی بچوکی ئەو سەدان تیرۆریستانهی داعشن كه لە دەرەوە لەدایكبوون لە چەندین وڵات و لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە مەیدانی شهڕ وەدەرنراون لە رۆژهەڵاتی سوریا لە تشرینی یەکەمی 2017وە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەتیکردەوە دهستگیركردنی دوو ئەندامەکە پشتڕاستبکاتەوە و بەرپرسێك وتی لێدوان نادات لەسەر کەیسێك بهتهنها یان لهسهر لێکۆڵینەوە بەردەوامهكان.