لانیكه‌م حه‌وت هاووڵاتی، كه پێنجیان منداڵ بوون، سێشه‌ممه (2 كانوونی دووه‌م) كوژران به‌هۆی هێرشی ئاسمانییه‌وه له پارێزگای ئیدلیب، باكوری خۆرئاوای سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.
رژێم و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، به‌پشتیوانی فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی روسیا، بۆ ماوه‌ی زیاتر له هه‌فته‌یه‌كه رووبه‌ڕووی تووندڕه‌وه‌كان و چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن ده‌بنه‌وه له ناوچه‌یه‌كی نێوان ئیدلیب و حه‌مادا.
هێرشه ئاسمانیه‌كان شارۆچكه‌ی خان سوبولیان له ناوه‌ڕاستی پارێزگای ئیدلیب كرده‌ئامانج، روانگه‌ی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگه‌یاند.
روانگه‌كه راشیگه‌یاند: "لانیكه‌م حه‌وت كه‌س كوژران، پێنج منداڵ و دوو ژن."
سه‌رۆكی روانگه‌كه، رامی عه‌بدولڕه‌حمان، وتی: "ئێمه نازانین ئاخۆ ئه‌م هێرشه ئاسمانیانه له‌لایه‌ن رژێمی سوریاوه بوون یان روسه‌كانه‌وه."
هێرشه‌كانی رژێم له‌ده‌وروبه‌ری پارێزگای ئیدلیب دوای دوو مانگ شه‌ڕی لێره‌وله‌وێ دێت كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێیوایه 60,000 كه‌س به‌هۆیانه‌وه ئاواره‌بوون.
نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباره مرۆییه‌كان رایگه‌یاند كه پێیانڕاگهیندراوه شوێنه‌كانی ئاواره‌كان پڕن و هه‌ندێك له خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌سه‌دا 400 فشاریان له‌سه‌ره له‌سه‌رووی توانای پلان بۆدانراویانهوه.