پۆلیسی ئەڵمانیا سێشەممە (21 تشرینی دووەم) شەش ئاوارەی سوریی دەستگیرکرد کە گومانی ئامادەکاریی هێرشێکی تیرۆریستییان لێدەکرا بەناوی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە، بهگوێرهی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانیش، ئامانجەکەیان بازاڕێكی کاتیی کریسمس بووە.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند گومانلێکراوهكان، کە تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 28 ساڵدا بوو، دەستبەسەرکران لە هەڵکوتانەسەرێکی بەیانیدا کە 500 ئەفسەری پۆلیس ناوچەکەیان تەنیبوو لەو دەوروبەرە لە شارەکانی کاسڵ، ئێسن، هانۆڤەر و لایپزیگ.
وتەبێژی نوسینگەی داواکارانی گشتی فرانکفۆرت، کرستیان هارتویگ، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ئەو پیاوانە تۆمەتبارکراون بە ئەندامێتی لە "گروپێکی تیرۆیستی بیانیدا کە خۆی بە دەوڵەتی ئیسلامی دەناسێنێت".
هارتویگ وتی: "تۆمەتباران گومانیشیان لێدەکرێت لە ئامادەکاری بۆ هێرشێك بۆ سەر ئامانجێك لهنێو خەڵكدا لە ئەڵمانیا بە بەکارهێنانی چەك و تەقەمەنی."
وتیشی لێکۆڵەران پێیانوایە ئەو پیاوانە هێشتا پلانی هێرشەکەیان تەواونەکردبوو.
بەڵام وێستگەی رادیۆی ناوخۆیی هێسیشهر روندفونك، بە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی نزیك بە لێکۆڵینەوەکە وتی تۆمەتباران "پلانی هێرشێکیان داناوە بۆ سەر بازاڕێکی ئێسن لەکاتی کریسمسدا،" کە شارێکە لە خۆرئاوای ئەڵمانیا.
ئەو جۆرە لە هێرش یادەوەری بەئازاری کانونی یەکەمی رابردووی هێنایەوە بیر کە لۆرییەك پشێوی خستە نێو بەرلین کاتێك پەنابەرێکی رهتكراوهی تونسی خۆیکرد بەناو بازاڕێکی قەرەباڵغی کریسمسدا و 12 کەسی کوشت.
پۆلیس و داواکاران رەتیانکردەوە لهبارهی ئەو راپۆرتانەوه بدوێن کە باس لە بازاڕی کریسمسی ئێسن دەکهن وەك ئامانج، کە له پڕفرۆشترین رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیشدا دەرکەوتن.
ئەو شەش سورییە دەستبەسەرکراوە هەموویان گەیشتبوونە ئەڵمانیا وەك پەنابەر لەنێوان کانونی یەکەمی 2014 و ئەیلولی 2015، لە تەوژمی قەیرانی کۆچبەرانی ئەورپادا.
داواکاران هیچ وردەکارییەکی دیکەیان نەدا لەبارەی کەیسەکەوە و وتیان لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.
رۆژنامەی دی ڤێڵتی ئەڵمانی رایگەیاند هاوڕێ ئاوارەکانیان زانیارییان دابوو بە پۆلیس دەربارەی گومانلێکراوەکان.
هێزە ئەمنیەکانی ئەڵمانیا لەدۆخی هۆشداریدان دوای ئەوەی چەند هێرشێکی تیرۆریستی ئەنجامدرا، کە كارهساتهكهی بەرلین کوشندەترینیان بوو.
مانگی رابردوو، پۆلیسی بەرلین سورییەکی 19 ساڵانی دەستگیرکرد کە گومانلێکراوبوو بە ئامادەکاری بۆ هێرشێكی تیرۆریستی لەو وڵاتەدا بە بەکارهێنانی "تەقەمەنی بەهێز".
دەزگا ناوخۆییە ئەمنیەکان بوونی ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ئەڵمانیا بە 10,300 دەخەمڵێنن.
نزیکەی 700یان بە مەترسیدار دادەنرێن کە دەتوانن هێرشی توندوتیژانە ئەنجامبدەن.