کۆمپانیاکە رایگەیاند لێکۆڵەرە فەڕەنسیەکان نوسینگەکانی کۆمپانیای چیمەنتۆی لافارژی فەڕەنسی-سویسریان پشکنی سێشەممە (14 تشرنی دووەم) وەك بەشێك لە لێکۆڵینەوەیهك لەسهر بوونی پەیوەندی دارایی لهگهڵ گروپە توندڕەوەکانی سوریا، لەناویاندا رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
وتەبێژێکی لافارژ راپۆرتێكی رادیۆی ئینتەری فەڕەنسای پشتڕاستكردهوه كاتێك بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "لێکۆڵەرانی فەڕەنسی لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی نوسینگەکانماندان."
وتیشی: "بەتەواوی هاوکاری لێکۆڵەرەوان دەکەین بەڵام ناتوانین لێدوانی زیاتر بدەین لەسەر لێكۆڵینهوهكه كه بهردهوامه."
سەرچاوەیەکی نزیك لە کهیسهكه وتی پۆلیسی بەلجیکا پشكنینێكی هاوشێوەیان ئەنجامدا لە نوسینگەکانی یەکێك لە کۆمپانیاکانی گروپی لافارژ لە بروکسل.
سێ دادوەری فەڕەنسی لە حوزەیرانەوە لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی گواستنەوەی پارە دەکەن لەلایەن لافارژەوە بۆ گروپەکانی سوریا، لەناویاندا داعش، بۆ بهردهوامبوون و درێژهدان به کارەکانی كارگهی چیمەنتۆی كۆمپانیهكه له جەلابیە لە باکوری سوریا لە 2013 و 2014 دا.
لافارژ لە سوریا مایەوە بۆ دوو ساڵ دوای ئەوەی زۆربەی کۆمپانیا فەڕەنسیەکان ناوچەکەیان بەجێهێشت پاش ئهوهی داعش دەستیگرت بهسهر چەند ناوچەیەکدا و كارگهی جەلابیەی كۆنترۆڵكرد لە ئەیلولی 2014 دا.
بۆ زامنكردنی پاراستنی کارمەندانی لەنێوان 2013 و 2014 دا کارگەی لافارژی چیمەنتۆ لە سوریا مانگانە 80,000 بۆ 100,000 دۆلاری داوە بە گروپه چەکداره ههمهجۆرهكان، لەناویاندا 20,000 دۆلار بە داعش، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیك لە لێکۆڵینەوەکە.
وەزارەتی دارایی فەڕەنسا ساڵێك لەمەو بەر لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد دوایئەوەی رۆژنامەی لۆمۆند رایگەیاند لافارژی پاریس ئاگاداری رێككهوتنهكان بووە.
لافارژ، کە لە لەگەڵ هۆلسیمی هاوتا سویسرییەکەی یەکیگرت له 2015 دا، پێشتر دانیبەوەداناوە "هەڵەی قبوڵنەکراو ئەنجامدراون لە سوریا."
راپۆرتێك لەلایەن فەرمانگەی نیشتیمانی یاسایی گومرگی فەڕەنسییهوه گهشته ئهو دهرهنجامهی کە کۆمپانیاکە "پارەی بە گروپە جیهادیەکان داوە" بۆ رێگەدان بە كارگهكه تا بەردەوام بێت و رەوایەتی بە مامەڵەکان داوە بەبەکارهێنانی بەڵگەنامەی حسابی ساخته.
لێدوانێك کە سێشەممە لەلایەن لافارژەوە بڵاوکرایەوە وتی کە "بەتوندی ئەو هەڵانە مهحكومدەکات کە لە سوریا کراون" و رێکاری گرتۆتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو هەڵانە دووبارە نابنەوە.