هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئەمنستی: رژێمی سوریا تاوانبارە بە تاوان دژی مرۆڤایەتی

گەمارۆی دانیشتوان لەلایەن رژێمی سوریاوە پێش گەیشتن بە رێککەوتنی "ئاشتەوایی" لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لەقەڵەم دەدرێت، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) دووشەممە (13 تشرینی دووەم) رایگەیاند.

به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس ئەو گروپی مافی مرۆڤه‌ لە راپۆرتێکدا بەناونیشانی "دەژین یان دەمرین"، چوار دۆخی ناوخۆیی شیکارکردووە و گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە گەمارۆ و بۆمبارانی پێشوەختەیان خراوەتە سەر تا هاوڵاتیان ناچاربن شوێنەکانیان جێبهێڵن.

راپۆرتەکە رایگەیاند: "گەمارۆکان، کوشتنی نایاسایی و ئاوارەكردنی زۆره‌ملێیی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە بەشێکن لە هێرشێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و فراوان بۆ سەر خەڵکە مەدەنیەکە، بۆیە بەتاوانی دژی مرۆڤایەتی لەقەڵەمدەدرێن."

رێککەوتنەکان کە لەنێوان ئابی 2016 و ئازاری 2017 ئه‌نجامدران، دوای گەمارۆیەکی درێژی هەردوو رژێمی سوریا و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن هاتن لەگەڵ هێرشکردنی هەڕەمەکی بۆسەر خەڵکی مەدەنی.

ئەمنستی رایگەیاند: "حکومەتی سوریا و، بەڕێژەیەکی کەمتریش، گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن، گەمارۆیان خستۆتەسەر ناوچە چڕەکان بە خەڵك، نەیانهێشتووە خواردن و دەرمان و پێداویستی سەرەتایی دیکە بگاتە خەڵك کە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤە."

راشیگەیاند كه‌ ئەم کارانە لەلایەن رژێمی سوریاوە لە ده‌رایا، مەدایا، شاری خۆرهەڵاتی حەلەب و گەڕەکی وائیر لە شاری حومس تاوانی جەنگن و ئاماژەی کرد بەوەی هەمان تەکتیك لەلایەن گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە بەکارهاتووە کە گەمارۆی کەفریا و فۆعەیان داوە.

لە شاری خۆرهەڵاتی حەلەب، ئەمنستی 10 هێرشی تۆمارکرد لەنێوان تەمموز و کانونی یەکەمی 2016 دا، کە دەوترێت تیایاندا رژێم ئەو گەڕەکانەی کردۆتە ئامانج "کە زۆر دووربوون لە هێڵەکانی شەڕەوە و هیچ ئامانجێکی سەربازی لە ناوچەکاندا نەبووە".

راپۆرتەکە هەشت هێرشیشی تۆمارکرد کە لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجامدرابوون لە خۆرئاوا و باکوری شاری حەلەب، لەنێوان ئاب و تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، کە تیایاندا چەکێك دژی مەدەنیەکان بەکارهاتبوو بە "تۆپی دۆزەخ" ناودەبرێت.

ئەمنستی رایگەیاند توێژینەوەکەی لەڕێی ئەو ڤیدیۆیانەوە کردووە کە بە سەتەلایت گیراون لەگەڵ چاوپێکەوتنی 134 کەس، لەنێویاندا خەڵکی ناوچەکە و بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتوەکان، لەنێوان نیسان و ئەیلولی ئەمساڵدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500