لێکۆڵەرانی تاوانی جەنگی نەتەوە یەکگرتوەکان چوارشەممە (6 ئەیلول) رایانگەیاند بەڵگەیان لایە کە رژێمی سوریا لەپشت ئەو هێرشە کیمیاییەوە بوو کە لە نیساندا بە دەیان کەسی لە خان شێخۆن کوشت، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
لە یەکەمین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا کە بە فەرمی تۆمەتی هێرشەکە بخاتە سەر دیمەشق، کۆمیسیۆنی لێکۆڵهارانی نەتەوە یەکگرتوەکان دەربارەی سوریا رایگەیاند "زانیاری چڕوپڕ"ی کۆکردۆتەوە کە پیشانیدەدات دیمەشق لەپشت هێرشی گازی سارینی 4 نیسانەوە بوو کە لانیکەم 83 کەسی کوشت.
رۆژێك پێشتر، ئەو دادوەرەی کارە نوێیەکەی نەتەوە یەکگرتوەکانی بەڕێوەدەبرد بۆ لێکۆڵینەوە لە شەڕەکە، وتی جیهان "هەنگاوێکی نزیکتر"ی ناوە بەرەو دادپەروەری بەرامبەر ئەو تاوانە جەنگیەی لە سوریا کراوە بە پێكهێنانی گروپێکی نوێ.
کاترین مارشی-ئوهێلی فەرەنسی بەرپرسە لەو "میکانیزمە نێودەوڵەتیه، بێلایەن و سەربەخۆ" نوێیە و ئەرکی لێکۆڵینەوەی لە تاوانه نێودەوڵەتیه گهورهكانی لە سوریا پێدراوە.
مارشی-ئوهێل وتی تیمەکەی لەنزیکەوە کاردەکات لەگەڵ کۆمسیۆنی لێکۆڵهارانی نەتەوە یەکگرتوەکان، کە راپۆرتی دوورودرێژی داوە دەربارەی مەینەتیەکانی شەڕی سوریا.
هاوپەیمانێتیەکی هێزە خۆرئاواییەکان، لەنێویاندا ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا، ساڵی پێشوو سەرکەوتوانە توانیان ئەو گروپە نوێیە دروستبکەن.
مارشی-ئوهێل وتی ئهو ئەرکهی پێی بهخشراوه کۆکردنەوەی فایلی دادگاییکردنە کە دەکرێت لەلایەن هەر سیستمێکی دادەوە بەکاربهێنرێت -- ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی -- کە بتوانێت کاربکات دژی ئەنجامدەرانی تاوانی جەنگیی گەورە لە سوریا.
وتی: "هەنگاوێك نزیکتر دەبینەوە لە بەدواداچوون و دادگاییکردن." هیواشی خواست کە کارەکەی "کاریگەریی رێگری"ی هەبێت بۆ ئەو توندوتیژییەی هێشتا لەو وڵاتە لهئارادایه.
ئەرکە گشتیەکەی رێگەی پێدەدات بەدوای ئەو کەیسانەدا بچێت دژی هەموو لایەنەکانی شەڕەکە، لەنێویاندا گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و توندڕەوەکانی وەك رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، لەگەڵ رژێمی سوریا و سوپاکەی.
کۆمیسیۆنی لێکۆڵهارانی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشتر هەموو لایەنەکانی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە سوریا تۆمەتبارکردبوو.