هه‌واڵه‌كانی عێراق

راپۆرتەکان دەڵێن سەرۆکی داعش کوژراوە دوایئەوەی گروپەکە موسڵی لەدەستدا

سەرۆکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، ئەبوبەکر بەغدادی، بەپێی راپۆرتەکان کوژراوە سێشەممە (11 تەمموز)، رۆژێك دوایئەوەی عێراق رایگەیاند جیهادیەکانی لەو پێگەیەی رۆژانێك پێگەی هەرە بەهێزیان بوو، موسڵ، وەدەرناوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، کە چاودێرێکی کۆنی کێشەکانی وڵاتەکەیە، رایگەیاند زانیاری لە سەرکردە باڵاکانی داعشەوە هەیە کە کوژرانی بەغدادی پشتڕاستدەکەنەوە.

راپۆرتەکە ناتوانرێ بەتەواوی پشتڕاستبکرێتەوە و چەندین جار کوژرانی بەغدادی راگەیەندراوە.

بەڵام ئەگەر پشتڕاستبکرێتەوە کوژرانەکەی دەبێتە گورزێکی تری کەمەرشکێن بۆ گروپە توندڕەوەکە دوای لەدەستدانی موسڵ کە سەرەکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، دووشەممە رایگەیاند لەدەست داعش وەرگیراوەتەوە دوای هێرشێکی سەختی چەند مانگە.

سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "فەرماندەی ئاستی باڵای داعش کە لە پارێزگای دێرە زوور ئامادەن کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی ئەمیری داعشیان بۆ روانگەکە پشتڕاستکردۆتەوە."

وتیشی: "ئێمە ئەمڕۆ ئەمەمان زانیوە بەڵام نازانین کەی و چۆن کوژراوە."

عەبدولڕەحمان وتی بەغدادی "ئامادەیی هه‌بوو لە چەند بەشێکی رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرە زوور" لەم مانگانەی دواییدا بەڵام ئەوە روون نیە ئاخۆ لە ناوچەکەدا کوژراوە یان لە شوێنێکی تر.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە دژی گروپەکە دەجەنگێت لە سوریا و عێراق، رایگەیاند ناتوانێت زانیاری روانگەکە پشتڕاستبکاتەوە.

وتەبێژی هاوپەیمانان، کۆڵۆنێڵ رایان دیلۆن، وتی: "ناتوانین ئەو راپۆرتە پشتڕاستبکەینەوە بەڵام هیوادارین راستبێت."

هیچ پشتڕاستکردنەوە یان رەتکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەو پێگە کۆمەڵایەتیانەی لەلایەن داعشەوە بەکاردێن رانەگەیندراوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500