هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئەمریکا و فەرەنسا بەڵێن دەدەن 'وەڵامێکی هاوبەش'یان هەبێت گەر هێرشی کیمیایی لە سوریا رووبدات

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و هاوشانە فەرەنسیەکەی، ئیمانوێل ماکرۆن، سێشەممە (27 حوزەیران) رێککەوتن لەسەر ئەوەی وەڵامێکی هاوبەشیان هەبێت لە حاڵه‌تی هێرشێکی کیمیایی دیکەدا لە سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

رێککەوتنەکە، کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بوو لەنێوان ئەو دوانەدا، رۆژێك دوای ئەوە هات كه‌ کۆشکی سپی رژێمی سوریای تۆمەتبارکرد بە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی دیکەی چەکی کیمیایی.

وتەبێژێکی سەربازیی ئەمریکا سێشەممە رایگەیاند کە هەواڵگریی ئەمریکا تێبینیی چالاکیی گوماناویی کردووە لە هەمان شوێنی هێرشە کیمیاییەکەی دوو مانگ لەمەوبه‌ری رژێم.

هێرشەکەی نیسان بۆ سەر شارۆچکەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن، خان شه‌یخون، کە بووە هۆی توڕەیی جیهان و به‌پێی راپۆرته‌كان لانیکەم 87 کەسی کوشت، لەنێویاندا چه‌ندین منداڵ.

وتەبێژی کۆشکی سپی، شۆن سپایسەر، شەوی دووشەممە هۆشدارییدا کە گەر سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد "هێرشێکی دیکەی کۆمەڵکوژی ئەنجامبدات بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، خۆی و سوپاکەی باجێکی قورس دەدەن".

ترەمپ و ماکرۆن سێشەممە رێککەوتن لەسەر "پێویستیی کارکردن لەسەر وەڵامێکی هاوبەش لە حاڵه‌تی هێرشێکی کیمیاییدا له‌ سوریا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500