نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات بۆ دەستکەوتنی گەرهنتی ئەمنی کە پێویستە بۆ ناردنی تیمێکی شارەزایانی نێودەوڵەتی بۆ شوێنی هێرشی گوماناویی گازی سارین لە مانگی رابردوودا لە سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس سێشەممە (23 ئایار) رایگەیاند.
لانیکەم 88 کەس کوژران لە هێرشەکەی 4 نیسان لە خان شەیخون له پارێزگای ئیدلیب.
سەرۆکی بەشی کاروباری چەکداماڵینی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیزومی ناکامیتسو، بە ئەنجومەنی ئاسایشی وت پلانی کاری دۆزینەوەی راستی بۆ خان شەیخون "پێشتر دەستیپێکردووە"، بەڵام هیچ بەروارێك دانەنراوە.
وتیشی تیمی رێکخراوی قەدەعەکردنی چەکی کیمیایی لە شوێنێك جێگیردەکرێن لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆن بۆ کۆکردنەوەی نمونە و وتەی گەواهیدەران.
ناکامیتسو وتی کاریکردووە بۆ "مسۆگهركردنی ئهوهی هەر سەردانێك بۆ شوێنەکە لەلایەن تیمی کاری دۆزینەوەی راستییهوه بە یاوەریی دڵنیاییەکی توندی ئەمنی بێت".
رێکخراوەکە بە ئەنجومەنەکهی راگەیاند ئەو نمونانەی لە قوربانیەکان و نەخۆشە بریندارەکان و ئاژەڵە مردووەکان لە خان شەیخون پشکنینیان بۆ کراوە سارین یان ماددەیەکی هاوشێوەی سارین پیشاندەدەن.
رێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنەکە رایگەیاند نمونەکان لە سێ قوربانی وەرگیراون لەکاتی توێکاری لەگەڵ 10 کەس کە لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکران، دوو باڵندە کە ژەهراوی بووبوون لەگەڵ خۆڵ و گژوگیا.
بەرپرسی رێکخراوەکە، ئەحمەد ئوزومجو، مانگی رابردوو رایگەیاند كه ئەنجامهكانی پشکنینە "رەتنەکراوەکە" ئهوهیان پیشاندا كه سارین یان ماددەیەکی هاوشێوەی سارین بەکارهاتووە.