هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر بیابانی ئەنبار دەستپێدەکات

هێزەکانی عێراق 35 ئەندامی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان کوشت لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا کە یەکشەممە (23 نیسان) دەستیپێکرد بۆ شەنوكه‌وکردنی بیابانی ئەنبار لە گەڕان بەدوای حەشارگەکانی داعشدا، وەزارەتی بەرگری عێراق دووشەممە رایگەیاند.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنێکی پشکنین لە بیابانی رۆژئاوای ئەنباردا کە یەکشەممە دەستیپێکرد لە مەخازن حەدیسە و دۆڵی هۆران و باشوری رۆژئاوای کوبەیسە، هێزەکانمان 35 تیرۆریستیان کوشتووە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."

بەیاننامەکە راشیگەیاند: "چەندین ئه‌مباری چەکی داعش و بارەگا و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و موشەکهاوێژی ده‌ستكردی ناوخۆ تێکشکێندراون لە ئۆپەراسیۆنەکەدا."

هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە لە نزیك سنوری ئەردەن، 10 ئەندامی هێزە ئەمنیەکان یەکشەممە لە بۆسەیەکی داعشدا کوژران.

فەرماندەیەکی ناوخۆیی وتی کە هێرشکەران خۆیان وەك سوپا نواندووە و سودیان لە خۆڵبارین وەرگرتووە بۆ دانانی بۆسەیەك دژی کەژاوەی هێزە ئەمنیەکان لە نزیك شارۆچکەی روتبە، کە ناوچەیەکی دوورە دەستە لەسەر رێگای ئەردەن.

ملازمێکی سوپا وتی: "ئەندامانی داعش کە چەك و موشه‌کیان پێبوو هێرشیانکردە سەر خەڵکی مەدەنی و ئۆتۆمبیلەکانی سوپا کە سەربازانیان دەگواستەوە لەنزیك روتبە."

وتیشی: "لانیکەم 10 سەربازیان کوشت و 20ی تریشیان بریندارکرد." بەرپرسانی تریش هێرشەکە و ژمارەی قوربانیانیان پشتڕاستکردەوە.

بەگوێرەی قایمقامی روتبە، عیماد دولەیمی، کەمینەکە لە ده‌وروبەری کاتژمێر 6ی ئێوارە دانراوە لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی روتبە لەسەر رێگای سەرەکیی ره‌مادی، پایته‌ختی پارێزگاکە.

وتیشی سێ ئەندامی تری هێزە ئەمنیەکان بێسەروشوێنن و ترسی ئەوە هەیە ڕفێندرابن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500