هه‌واڵه‌كانی عێراق

راپۆرتەکان: تۆمەتبارەکەی ستۆکهۆڵم هەوڵیداوە پەیوەندی بە داعشەوە بکات لە سوریا

کەسە بەڕەچەڵەك ئۆزبەکستانیەکەی تۆمەتبارکراوە بە شێلانی پیادەڕۆیانی ستۆکهۆڵم هەفتەی رابردوو، هەوڵیداوە پەیوەندی بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ه‌وه‌ بکات لە سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس چوارشەممە (12 ئازار) رایگەیاند.

سەرچاوەیەکی نەناسراوی جێبەجێکاری یاسا لە ئۆزبەکستان وتی کە رەخمەت ئاکیلۆڤی تۆمەتباری تەمەن 39 ساڵ "لەژێر کاریگەریی ئەندامە نهێنیەکانی داعشی تاجیکیدا بوو و هەوڵیداوە بەشداری شەڕ بکات لە سوریا شانبەشانی شەڕکەرانی داعش."

بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئاکیلۆڤ لە 2015 هەوڵیداوە لە سنوری تورکیا و سوریا بپەڕێتەوە، بەڵام دەستگیرکراوە.

سەرچاوەکە وتی: "بەهۆی باری پەنابەرێتییەوە دیپۆرتکراوەتەوە بۆ سوید."

سەرچاوەکە وتی دەسەڵاتدارانی ئۆزبەکستان ئاكیلۆڤیان خستبووە ناو لیستی داواکراوانی نێودەوڵەتیه‌وه‌ لەکۆتایی شوباتدا دوای کردنەوەی کەیسێکی تاوانبارکردنی بە "توندڕه‌ویی ئایینی" لەدژی.

پارێزەری تۆمەتبارەکە رایگەیاند کە ئاکیلۆڤ سێشەممە دانیناوە بە "تاوانە تیرۆرستیەکەی"دا لەڕێی هێرشی بارهەڵگرەکەوە كه‌ هەینی ئەنجامیدا و چوار کەسی کوشت و 15 کەسی تریشی بریندارکرد.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی میدیای سویدی، دەنگۆی ئەوە هەیە كه‌ ئاکیلۆڤ وتویەتی "داواکارییەکی" پێگەیشتبوو راستەوخۆ لەلایەن داعشەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە.

ئاکیلۆڤ، كه‌ کرێکارێکی بینا بوو، مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی لە سوید رەتکرابووه‌وە، دوای چەند کاتژمێرێك لە هێرشەکە دەستگیرکرا. پۆلیس رایگەیاند کە بە نافه‌رمی ماوەتەوە له‌وكاته‌وه‌ی داواکەی بۆ مۆڵەتی مانەوەی له‌ سوید رەتکراوه‌ته‌وه‌ ساڵی رابردوو.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500