هه‌واڵه‌كانی عێراق

لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان: رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە

هەموو ئەو لایەنانەی سوریا کە بەشداریی شەڕی حەلەبیان کرد تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و رێککەوتنی گواستنەوەی مەدەنیەکانیش دوای شکستی ئۆپۆزسیۆن "تاوانی بەزۆر راگوێزان" بوو، لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتوەکان چوارشەممە (1 ئازار) رایگەیاند.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا چەند پێشێلکارییەکی تۆمارکردووە لەنێویاندا هێرشی کیمیایی و لەسێدارەدانی مەدەنی لەکاتی ئابڵۆقە پێنج مانگیەکه‌ی رژێمدا بۆ سەر خۆرهەڵاتی حەلەب، کە بنکەیەکی گرنگی ئۆپۆزسیۆن بوو.

کۆمسیۆنەکە رایگەیاند لە 21 تەمموزی 2016 تا 22 کانونی یەکەم، ئەوکاتەی هێزەکانی حکومەت شارەکەیان گرتەوە، هێزی ئاسمانیی سوریا و هاوپەیمانەکانی "رۆژانە هێرشی ئاسمانییان ئەنجامدەدا" بۆ سەر حەلەب.

راپۆرتەکە رایگەیاند بەڵگەی یەکلاییکەرەوە هەیە کە هێزە ئاسمانییەکانی سوریا "مادەی ژەهراوی کیمیایی دەستکرد، لەنێویاندا کلۆرین"یان رشتووە.

بۆمبارانە ئاسمانییەکان بەردەوام لە نەخۆشخانە، بازاڕ و گەڕەکەکانیان دەدا.

لە ده‌رامجامگیرییه‌كی نوێی گرنگدا، لێکۆڵەران رایانگەیاند بەڵگەی ئەوە هەیە کە دیمەشق بەرپرسیاربووە لە هێرشە ئاسمانییەکانی حەلەب لە 19 ئەیلولدا کە بە ئەنقەست کاروانێکی کۆمەکی مرۆیی کرایە ئامانج و لانیکەم 10 کارمەندی کۆمەك کوژران.

حکومەتی سوریا بەتوندی بەرپرسیارێتیی بۆمبارانی ئوره‌م کوبرای رەتکردۆتەوە و لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەیلولدا رایگەیاند ئەستەمە [لایەنی] بەرپرسیار بدۆزرێتەوە.

لێکۆڵەران حەلەبیان ناوزەدکرد بە دیمەنی "توندوتیژیی بێوچان" کە مەدەنییەکان لە خۆرهەڵاتی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن و خۆرئاوای ژێردەستی حکومەت بووبوونە "قوربانی تاوانی جەنگ کە گشت لایەنەکان ئەنجامیان دەدا".

کۆمیسیۆنەکە رایگەیاند لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب، لەنێویاندا بەرەی نوسرە، کە ئێستا بە بەرەی فەتح ئه‌لشام ناسراوە، تۆپبارانی مەدەنیەکانیان کرد لە خۆرئاوای حەلەب و بەبێ بوونی ئامانجێکی سەربازیی روون و بەهەڕەمەکی تەقەیان دەکرد.

کۆمسیۆنەکە رایگەیاند رێککەوتنی راگواستن کە لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا بەسترا و رێی بە مەدەنیەکان دا بڕۆن بۆ بەشی خۆرئاوای حەلەب یاخود بگوێزرێنەوە بۆ پارێزگای ئیدلیب، "هیچ بژاردەیەکی مانەوە"ی بۆ مەدەنیه‌کان جێنەهێشت.

لێكۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند: "ئەو جۆرە رێککەوتنانە بە تاوانی جەنگیی بەزۆر راگوێزانی خەڵکی مەدەنی دادەنرێن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500