هێزەکانی عێراق سێشەممە (23 شوبات) چوونه ناو فڕۆکەخانەی موسڵهوه لە قهراغی باشوری پێگەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بۆ یەکەمین جار لەو کاتەوەی گروپەکە ناوچەکەیان داگیرکرد لە 2014دا.
بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگیەکان و ههلیکۆپتەر و درۆن، هێزەکان پێشڕەویانکرد لە سەرانسەری ناوچە فراوانەکانی باشوری موسڵ و چوونە ناو فڕۆکەخانەکەوە و گوایه روبەڕووی بەرگرییەکی کەم بوونەوە بەڵام چەند جارێك ناوچەکەیان بۆردومان کرد لەترسی قەنناسبەدەستەکان.
فەرماندەیەك لە یەکەکانی وەڵامدانەوەی خێرای سەر بە وەزارەتی بەرگری، هیشام عەبدولکازم، لەناو فڕۆکەخانەکەوه بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "سوپاس بۆ خوا ئێستا ئێمە لەناو فڕۆکەخانەی موسڵداین لەبەردەم تێرمیناڵەکەی. هێزە سەربازیەکانمان وا ئازادی دەکەن."
شتیکی کەم به پێوه ماوه له چوارچێوهی فڕۆكهخانهكهدا و راڕهوهی فڕین و نیشتنهوهكهش نوقمی خۆڵ و داروپهردو ببوو. زۆربەی بیناکان تهختی زەوی كرابوون.
هەر کە هێزە عێراقیەکان گەیشتنە فڕۆکەخانەکە، ههلیکۆپتەرە هێرشبهرهکان موشەکیان گرتە کارگەیەکی کۆنی شەکر کە دەکەوێتە نزیك دیواری چوارچێوەی فڕۆکەخانەکە، کە بووە هۆی بەرزبوونهوەی پەڵە هەورێك لە خۆڵەمێش لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
ههڵمهتی سهر فڕۆکەخانەکە لە بەرەبەیاندا دەستیپێکرد و هێزەکانی عێراق لە باشوری رۆژئاواوە چوونە ناو فڕۆکەخانەکەوه لەماوەی چەند سەعاتێکدا.
هێزە تایبەتەکانی دژە تیرۆر لەهەمانکاتدا هێرشیانکردە سەر بنکەی سەربازی غەزلانی نزیك ناوچەکە.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، فەریق عەبدولئەمیر رەشید یاروڵا، بە دیارونای وت کە هێزەکانی عێراق هەروەها گوندەکانی تۆمە و حەجەریان ئازادکرد، لەگەڵ چەند بەشێك لە گوندی سەحاجی، لە رۆژئاوا و باشوری رۆژئاوای موسڵ.
فڕۆکەیەکی سەربازی چوارشەممە هەزاران نامەی خستەخوارەوە کە لەلایەن دانیشتوانی بەری رۆژهەڵاتی ئازادکراوەوە نوسرابوون بۆ هاونیشتیمانیان لەوبەری روبارەکە.
لە نامەیهکدا کە ئیمزاکرابوو لەلایەن "خەڵکی بەری رۆژهەڵات" نوسرابوو: "ئارام بگرن و یارمەتی یەکتری بدەن...کۆتایی دادپەروەری نزیکە."
لە نامەیەکی تردا نوسرابوو: "لە ماڵەکانتاندا بمێننەوە و هاوکاری هێزە ئەمنیەکان بکەن. ئەوان برای ئێوەن، دێن بۆ ئازادکردنی ئێوە."