رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سێشەممە (7 شوبات) رژێمی سوریای تۆمەتبارکرد بە لەسێدارەدانی نزیکەی 13,000 کەس لە زیندانێکی بەدناودا لە ماوەی پێنج ساڵدا لە "سیاسەتێکی لەناوبردندا،" ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
راپۆرتی رێکخراوەکە بەناونیشانی "قەسابخانەی مرۆڤ: لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و لەناوبردن لە زیندانی سەیدنایە" لەنزیك دیمەشق، بهوردی باس له هەڵواسینی بەکۆمەڵ دهكات لەنێوان 2011 و 2015 دا.
راپۆرتەکە رایگەیەند کە لانیکەم هەفتەی جارێك نزیکەی 50 زیندانی بردراونەتە دەرەوەی زیندانەکەیان بۆ دادگایی ههڕهمهكی و لێدان و پاشان لەسێدارەدان "لە نیوەی شەودا و بە نهێنییەکی تەواو".
"لە ماوەی پرۆسەکەدا بە چاوبەستراوی دههێڵرێنەوە. نازانن کەی و چۆن دەمرن هەتا پەتی سێدارە لە ملیان دهبهسترێت."
زۆربەی قوربانیەکان خهڵکی مەدەنی بوون کە گوماندهكرێت دژی رژێم بووبن.
دادوەرێکی پێشوو کە شایەتحاڵی لەسێدارەدانەکان بووە، وتی: "(به هەڵواسراوی) دەیانهێشتنەوە بۆ ماوەی 10 بۆ 15 خولەك."
"ئەوانەی کە گەنج بوون، کێشیان نهیدەکوشتن. ئهوهبوو یاریدەدەری ئەفسەرەکان رایاندهكێشان بهرهو خوار تا ملیان دەشكا."
رێکخراوەکە رایگەیاند کە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ دەچێتە خانەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتیهوه، بەڵام پێدەچێت هێشتا بەردەوامبێت.
بە هەزاران زیندانی گیراون لە زیندانی سەربازیی سەیدنایەدا، بەدووریی 30 کیلۆمەتر لە باکوری دیمەشق، کە یەکێکە لە زیندانە هەرە گەورەکانی سوریا.
رێکخراوەکە رژێمی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی "سیاسەتی لەناوبردن" لەو زیندانهدا بە ئەشکەنجەدانی بەردەوامی گیراوان و گرتنەوەی خۆراك و ئاو و پێداویستی تەندروستی لێیان.
رێکخراوەکە پێشتریش رایگەیاندبوو کە خەمڵێنراوە زیاتر لە 17,700 کەس لە زیندانەکانی رژێمدا مردون لە سوریادا لە ئازاری 2011 وە. ئەو ژمارەیە ئەو 13,000 لەسێدارە دراوەی تێدانەبوو لە زیندانی سەیدنایە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راشیگەیاند کە ناوی 87 بەرپرس و پاسەوانی بەرپرس له تاوانهكانی ناو زیندانهكهی داوە بەو "رێکخراوانەی کە دەتوانن لێکۆڵینەوەی باوەڕپێکراو ئەنجامبدەن" لە کوشتنەکە.
لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووکان ساڵی رابردوو رژێمی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی سیاسەتی "لەناوبردن" لە زیندانەکاندا.