هه‌واڵه‌كانی عێراق

دانیشتوانی موسڵ تووڕەن لە دانی 'کرێی کونکردنی' خانوەکانیان

ئەو توندڕەوانەی کە توشی کەمی پارەی کاش بوون و خانوی خەڵک کوندەکەن بۆ هاتوچۆکردن بە دەوری رۆژئاوای موسڵدا بەبێ ئەوەی ببینرێن ئێستا داوا لە خەڵك دەکەن کە پارەی کرێکارەکانیش بدەن، ئاژانسی فرانس پرێس یەکشەممە (5 شوبات) رایگەیاند.

دانیشتوانی بەری رۆژئاوای موسڵ وتیان کە کرێکە، کە 7,000 دیناری عێراقیە (نزیکەی 5 دۆلار)، پارەیەکی زۆر نییە بەڵام سوکایەتییەکە ئەوەندەی تر قووڵدەکاتەوە، لەکاتێکدا کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) خۆی دادەکوتێت دژی هێرشێکی پلانبۆدانراو لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە.

دانیشتوی ناوچەیەك کە بە "شەقامی بیبسی" ناسراوە ناوی خۆی بە ئەبو ئەسعەد برد و وتی: "داعش کوندەکاتە دیواری خانوەکانمانەوە بەبێ ئەوەی هیچ بژاردەیەکمان بداتێ."

ئەبو ئەسعەد کە یەکێکە لەو سەدان کەسەی کە توشی هەمان چارەنوس هاتووە وتی: "هەروەها ئەوان دانیشتوان ناچاردەکەن کە 7,000 دینار بدەن بە کرێکارەکان کە ماڵەکانیان تێکداون."

وتیشی کە ئەندامانی داعش بە دانیشتووە زیانلێکەوتوەکانیان راگەیاندووە کە پارەی کۆکراوە بۆ خەرجیەکانی بەرگریکردنە لە رۆژئاوای موسڵە دژی هێزە ئەمنیەکان.

ئەبو ئەسعەد وتی: "هەڵبژرادەیەکیان پێداین بۆ مانەوە لە ماڵەکانمان لەگەڵ دیوارەکان یان بەجێهێشتنیان."

زۆربەی دانیشتوانی رۆژئاوای موسڵ بڕە کارەبایەکی زۆر کەمیان هەیە یان هەر نیانە لەکاتێکدا پلەکانی گەرما لە زستاندا دەچێتە ژێر سفرەوە لە شەودا.

زنجیرەی کونەکان لە ماڵە هاودیوارەکاندا وەك تونێلێك وایە لەسەر ئاستی شەقامەکە کە رێ بە شەڕکەرانی داعش دەدات جوڵە بکەن بەبێ ئاشکرابوونیان لەلایەن هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، عەمید یەحیا زوبەیدی، بە دیارونای وت کە هێزەکانی عێراق بەرەبەیانی دوشەممە دەستیانکرد بە گرتنی یەکەم هێڵی پێکدادان لەگەڵ داعش لە رۆژئاوای موسڵ.

زوبەیدی وتی: "هێزە هاوبەشەکان هێرشێکی موشەکبارانیان ئەنجامدا بۆ سەر پێگەکانی داعش و هێڵەکانی بەرگرییان لە ناوچەکانی سەنجەق، تەل روممان و نەهرەوان."

وتیشی کە هاوکات زیاتر لە یەك ملیۆن نامیلکە لە ئاسمانەوە فڕێدراونەتە خوارەوە کە زانیاری و رێنمایی سەلامەتیان تێدایە بۆ دانیشتوان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500