هێزەکانی عێراق گەڕەکە سەرەکیەکانی رۆژهەڵاتی موسڵیان پاککردۆتەوە لە پاشماوەکانی جەنگ، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان چوارشەممە (1 شوبات) رایگەیاند.
بەشی رۆژهەڵاتی موسڵ بە تەواوی گیرایەوە لە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هەفتەی رابردوو.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، عەمید یەحیا زوبەیدی، بە دیارونای وت: "هێزەکانی عێراق 44 گەڕەکیان لە کۆی 56 گەڕەك پاککردۆتەوە لە رۆژهەڵاتی موسڵ."
زوبەیدی وتی: "دوانزە تەن مادەی تەقەمەنی، زەخیرە، مینی چێنراو، موشەك و پاشماوەی سەربازی داعش لابردراون، و سەدان ئامێری بۆمبی دەستی و دەیان خانوی بۆمبڕێژکراو پوچەڵکراونەتەوە."
راشیگەیاند کە تیمە ئەندازیاریەکانی سوپا و دژە تیرۆر، بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەمویان بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی پاکردنەوەکەدا بۆ رێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی ئاوارەبوو.