هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزە عێراقییەکان پردی کاتیی لەسەر دیجلە دادەنێن

هێزەکانی عێراق بە پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیانکردووە بە دانانی پردی کاتیی لەسەر روباری دیجلە لە موسڵ وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنی بەردەوام بۆ گرتنەوەی شارەکە لە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عەمید یەحیا زوبەیدی سێشەممە (31 کانونی دووەم) بە دیارونای وت: "هێزەکانی عێراق چەند پردێك لەسەر روباری دیجلە دادەنێن تا سەربازەکان بتوانن بپەڕنەوە بۆ بەری خۆرئاوای شارەکە."

زوبەیدی وتی: "پردەکان هەندێك کاتیان دەوێت بۆ تەواوبوون، بەڵام هاوکات هێزە عێراقییەکان پاشماوەی چەکدارانی داعش لەناودەبەن لە بەری ئەمبەری روبارەکە."

وەزارەتی بەرگری سێشەممە رایگەیاند فڕۆکە عێراقییەکان بە ملیۆنان نامیلکەیان بەرداوەتەوە بەسەر ناوچەکانی خۆرئاوای موسڵدا، داوایان لە دانیشتوان کردووە خۆیان ئامادەبکەن بۆ شەڕ و خۆیان لەو ناوچانە بەدووربگرن کە تێیدا چەکدارانی داعش کۆدەبنەوە.

بەیاننامەیەکی وەزارەت رایگەیاند نامیلکەکان رێنمایی سەلامەتیشیان تێدابوو.

زوبەیدی هاوکات، ئۆپەراسیۆنی پشکنین و پاککردنەوە بەردەوامبوو لە بەشی خۆرهەڵاتی موسڵ، وتیشی دانیشتوانی ئاوارەبووی ئەو گەڕەکانی کە پاککراونەتەوە لە مین و بۆمب بە پاس گەڕێندراونەتەوە بۆ ماڵەکانیان.

وتیشی ژمارەیەکی زۆر لەو رێگا سەرەکییانەی موسڵ بە پارێزگا و شارە هاوسێکانیەوە دەبەستنەوە کراونەتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500