هه‌واڵه‌كانی عێراق

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنکەکانی داعش بۆردوماندەکات لە رۆژئاوی موسڵ

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیکردووە بە کردنەئامانجی بنکەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە رۆژئاوای موسڵ دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق گرتنەوەی بەری رۆژهەڵاتی شارەکەیان تەواوکرد ئەم هەفتەیە، بەرپرسێکی عێراق چوارشەممە (25 کانونی دووەم) رایگەیاند.

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، عەمید یەحیا زوبەیدی، بە دیارونای راگەیاند کە هاوپەیمانان بە تایبەتی کەنارەکانی روباری دیجلە دەکەنە ئامانجی هێرشە ئاسمانیەکان.

زوبەیدی وتی: "فرۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەشت بەلەمی داعشیان تێکشکاندووە و شەش گردبوونەوەی گروپەکەی بۆردومانکردووە، لەنێویاندا بارەگایەکی سەرەکی لە بەری رۆژئاوی موسڵ."

راشیگەیاند کە "چەندین تیرۆرستی داعش کوژراون و بریندار بوون لە هێرشە ئاسمانیەکاندا،" و ئاماژەیدا کە ئۆپەراسیۆنەکانی گرتنەوەی بەشی رۆژئاوای موسڵ "بەمزوانە" دەستپێدەکات.

هاوکات، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە سەدان خێزان کە لە موسڵ رایانکردبوو ساڵی رابردو چوارشەممە کەمپی ئاوارەکانیان بەجێهێشت بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، کە ئەمە گەورەترین شەپۆلی گەڕانەوەیە بۆ شارەکە.

بەرپرسان پرۆسەی گەڕانەوەکەیان رێکخستووە لە کەمپی ئاوارەکانی خازر و حەسەن شام دوجار لە هەفتەیەکدا.

بەرپرسێکی کەمپی خازر لە باشوری رۆژهەڵاتی موسڵ، مستەفا حەمید سەرحان، وتی: "ئێمە ئێستا 500 خێزان وەردەگرین، واتا 2,700 کەس، بۆ گەڕانەوەیان بۆ ماڵە ئازادکراوەکانیان."

سەرحان وتی: "ئەمە گەورەترین شەپۆلە،" و رایگەیاند کە لانیکەم 50 پاس سەرەیانگرتووە بۆ ئەو خێزانانەی کە خێوەتەکانیان پاکدەکەنەوە و کەلوپەلەکانیان کۆدەکەنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان.

بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 180,000 کەس ئاوارەبوون لەدەسپێکی هێرشەکەوە بەڵام لانیکەم 22,000 کەس گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان لەوکاتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500