هه‌واڵه‌كانی عێراق

وێرانکردنی تەدموری سوریا لەلایەن داعشەوە تاوانی جەنگە: نەتەوە یەکگرتووەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی (20 کانونی دووەم) ئیدانەی هێرشەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ی کرد بۆ سەر دوو ناوچەی شاری کۆنی تەدموری سوریا، بە "تاوانی جەنگ" و "پاکتاوی کلتوریی" ناوزەدیکردن، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بەڕێوەبەری گشتی یونسکۆ ئیرینا بۆکۆڤا وێرانکارییەکەی بە "تاوانێکی نوێی جەنگ و زیانێکی مەزن بۆ گەلی سوریا و مرۆڤایەتی" لەقەڵەمدا.

بۆکۆڤا وتی: "ئەم لێدانە نوێیە لە میراتی کلتوریی ... ئەوە نیشاندەدات ئەو پاکتاوە کلتورییەی لەلایەن توندڕەوە توندوتیژەکانەوە رێبەری دەکرێت هەوڵ بۆ تێكشکاندنی هەردوو ژیانی مرۆڤ و مۆنۆمێنتی مێژوویی دەدەن تا گەلی سوریا لە رابوردوو و داهاتووی بێبەشبکەن."

لە 11 کانونی یەکەمدا داعش تەدموری لە هێزەکانی رژێم گرتەوە کە پێگەیەکی مێژوویی یونسکۆیە، دەوترێت پێشتر و لەم مانگەشدا وێرانکاریی نوێ روویداوە.

بەڕێوەبەری کەلەپوری سوریا مەئمون عەبدولکەریم وتی سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن داعش مۆنۆمێنتی تاقی چوار-دەرگای تەدموری رووخاندووە، لەکاتێکدا وێنەی مانگە ئاسمانییەکان ئەو زیانە نیشاندەدەن کە بەر رووکاری شانۆیی رۆمانی شارەکە کەوتووە.

داعش لە ماوەی ئەو نۆ مانگەی شارەکەی لەژێر دەستدا بوو، شارەکەی وێرانکردبوو پێش ئەوەی مانگی ئازاری پێشوو لە تەدمور دەربکرێت.

رۆژی هەینی، یونسکۆ رایگەیاند کە چەندین ساڵی شەڕ لە سوریا 30%ی کۆنە-شاری حەلەبی "بەتەواوی تێکشکاندووە" -- کە لە 1986دا بە شوێنەواری کەلەپوری جیهانیی دانرا -- و نزیکەی 60%ی گەڕەکەکە "بەتەواوی رووخابوو".

یونسکۆ رایگەیاند "زیانی گەورە" بەر قەڵاکە کەوتووە، کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی یەکەمی پێش زایین و مزگەوتی گەورەی حەلەب، گەورەترین مزگەوتی شارەکە کە یەکێکیشە لە کۆنترین مزگەوتەکانی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500