ئەو پیاوەی گومانلێکراوە لە کوشتنی 39 کەس لە یانەیەکی شەوانەی ئەستەنبوڵدا، لە ئێوارەی سەری ساڵدا، رایگەیاندووە کە فەرمانی لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) وەرگرتووە لە سوریا، میدیای تورکیا چوارشەممە (18 کانونی دووەم) رایگەیاند.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند بەرپرسانی تورکیا دووشەممە عەبدولقادر ماشاریپۆڤی 34 ساڵیان دەستگیرکرد کە ماوهی 17 رۆژ هەڵات دوای ئهو هێرشەی داعش گرتیە ئەستۆی خۆی. پیاوێکی عێراقی و سێ ژنی میسری و سەنگاڵی و سۆماڵیشیان دەستگیرکرد.
بەرپرسان گومانلێکراوی سەرەکییان بە کەسێکی رەگەز ئۆزبەکی دیاریکرد کە راهێنانی لە ئەفغانستان کردووە، دەڵێن دانی ناوە بە ئەنجامدانی هێرشهكهدا و پەنجەمۆری هاوشێوەی کەسە هێرشبەرەکەیە لە یانەکەدا.
رۆژنامەی حورییەت رایگەیاند ئەو پیاوە بە پۆلیسی وتووە کە لە کانونی دووەمی 2016 دا لەڕێی ئێرانەوە چووهتەوە تورکیاوە و چووە بۆ شاری کۆنیا له ناوهڕاستی توركیا.
رۆژنامەکە رایگەیاند كه گومانلێكراوهكه بە پۆلیسی تورکیای وتووە کاتێك لە کۆنیا بووە، فەرمانێکی لە شاری رەققەوە بۆ هاتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشێك لە مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبوڵ.
وتی 16ی کانونی یەکەم چووهتە ئەستەنبوڵ بۆ پشکنینی شوێنەکە، بەڵام بڕیاریدا لە مەیدانی تەقسیم نەیکات بەهۆی ئەو هەنگاوە ئەمنیە توندانەی لەوێ گیراونەتەبەر. دواتر پەیوەندیی بەو کەسەوە کردەوە کە فەرمانەکەی پێدابوو، فەرمانیپێکرا ئامانجێکی نوێ بدۆزێتەوە، کە دواجار هاتەسەر یانەی شەوانەی رێینا.
جێگری سەرۆک وەزیران، نوعمان کورتوڵموش، وتی بەهیوابووە دەستگیرکردنی ئەو کەسە هێزەکانی پشتیەوەشی دەربخات.
بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکی، كورتوڵموش وتی: "بەهیواین هەموو وردەکاریی هێزەکانی پشت ئەم کەسە بخهینهڕوو، کێ رێنمایی هێرشبەر یاخود هێرشبەرەکانی کردووە."