هه‌واڵه‌كانی عێراق

فەرماندەیەکی باڵای عێراق "ئازادکردنی" رۆژهەڵاتی موسڵ رادەگەیەنێت

هێزەکانی عێراق تەواوی رۆژهەڵاتی موسڵیان گرتەوە لە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دوای سێ مانگ لە دەستپێکردنی هێرشێکی گەورە، ئاژانسی فرانس پرێس چوارشەممە (18 کانونی دووەم) رایگەیاند.

هێزە تایبەتەکان بەمدواییانە چونەتە ناو دوایین گەڕەکەکانی بەری رۆژهەڵاتی موسڵ، لە بەری چەپی روباری دیجلە كە بەناو شارەکەدا دەڕوات.

بەرپرسی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق، تالیب شه‌غاتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەرته‌لەی رۆژهەڵاتی موسڵ "ئازادکردنی... بەری چەپی" رایگەیاند.

شه‌غاتی وتی هەرچەندە بەشی رۆژهەڵاتی شارەکە وا دادەنرێت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتدایە، هەندێك کار ماوە جێبەجێبکرێت بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە دواین ئەو توندڕەوانەی کە بەرگری دەکەن.

وتیشی کە "گرنگترین هێڵەکان و ناوچەکان تەواوبوون،" و ئاماژەیدا کە "تەنیا ناوچەیەکی کەم لە (بەری) باکور ماوەتەوە."

هاوکات، عەمید یەحیا رەسوڵ جەختیکردەوە کە سەرەڕای وتەکانی شه‌غاتی، شەڕی زیاتر ئەنجامدەدرێت لە رۆژهەڵاتی موسڵ لە رۆژانی داهاتودا.

رەسوڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "شه‌غاتی بەرپرسی دژە تیرۆرە و ئەو قسەیدەکرد سەبارەت بە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی دژە تیرۆر. چەند گەڕەکێك هەن کە هێشتا ئازاد نەکراون و ئەمەش چەند رۆژێکی پێدەچێت."

هەموو پردەکان لە سەرانسەری روباری دیجلە لە موسڵ تەقێندراونەتەوە، لەلایەن داعشه‌وه‌ یان بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانانه‌وه‌، کە رێگەی لەبەردەم داعش زۆر قورسکردووە بۆ جێگیرکردنەوەی شەڕکەرەکان بۆ رۆژهەڵاتی شارەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500