بەرپرسێکی ئەمریکی: داعش درۆن بەکاردەهێنێت بۆ بۆردومانکردنی هێزە عێراقیەکان لە موسڵ

شەڕکەرانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) درۆنی بچوکی بازرگانی بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنیەکانی عێراق، دوایئەوەی گروپەکە خاکی زیاتر لەدەستدەدات لە شەڕی موسڵدا، بەرپرسان چوارشەممە (11 کانونی دووم) رایانگەیاند.

کۆلۆنێڵ برێت سیلڤیا، کە فەرماندەی یەکەیەکی ئەمریکی "راوێژکاری و هاریکاری"یە لە عێراق، رایگەیاند کە شەڕکەرانی داعش پارچە تەقەمەنی بچوك دەبەستن بە فرۆکە چوارپەروانەییەکانه‌وه‌ وەك هەوڵێك بۆ کوشتنی هێزە ناوخۆییه‌كان لەکاتی گرتنەوەی موسڵدا.

سیلڤیا وتی: "ئەوانە درۆنی بچوکن کە تەقەمەنی بچوکیان هەڵگرتووە و دەکەونە خوارەوە."

راشیگەیاند کە لەکاتێکدا تەقەمەنیەکان گەورەترنین لە "رومانەیەکی بچوك،" ئەمە بەسە بۆ ئەو کارەی داعش دەیکات، و ئەمە تەنیا کوشتنی هەڕەمەکیە."

سیلڤیا وتی کە بەکارهێنانی درۆنی بچوك لەلایەن گروپەکەوە تازە نیە، هەرچەندە لە سەرەتادا بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ سیخوڕیکردن بەکاردەهاتن.

هەروەها وتی: "ئەوان (ئیستا) درۆن بەکاردێنن بۆ خستنەخوارەوەی تەقەمەنی لەگەڵ پێشڕەویکردنی هێزەکانی عێراقدا بۆ ناو موسڵ."

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنه‌كانی نەینەوا، فەریق عەبدولئەمیر رەشید یاره‌ڵا، لە راگەیەندراوێکدا وتی هێزەکانی عێراق دوو گەڕەکی تازەیان ئازادکرد لە رۆژهەڵاتی موسڵ رۆژی پێنجشەممە.

یاره‌ڵا وتی: "هێزە هاوبەشەکانی عێراق گەڕەکەکانی سۆمەر و سەحێرانیان ئازادکردووە و ئاڵای عێراقیان تێدا هەڵکردووە" و ئاماژەشی دا کە لەگەڵ ئەم سەرکەوتنە تازەیەدا، هێزه‌کانی عێراق زۆربەی بەری رۆژهەڵاتی موسڵی گرتۆتەوە.

وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند کە لە بەری رۆژئاوای موسڵ، هێزە ئاسمانیەکانی عێراق سەرکردەیەکی باڵای داعشیان کوشت پێنجشەممە لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە پێگەیەکی گروپەکەی کردە ئامانج لە گەڕەکی حەی عامل.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا وتی هێرشێکی تری ئاسمانی کە شەوی چوارشەممە ئەنجامدرا سەربازگەیەکی داعشی تێکشکاند لە کارگەی چیمەنتۆی بادوش کە گروپەکە وەك بارەگا بەکاریدەهێنا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)