نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا پێنجشەممە (12 کانونی دووەم) وتی کۆبوونەوە لە ئەنکەرە و مۆسکۆ کراوه بۆ رێگرتن له پێکدادانی سەربازیی مەترسیدار و یارمەتیدانی قەیرانی ئاو کە کاریگەریی بۆ سەر ملیۆنان کەس هەیە لە دیمەشق، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
شەڕ لە ناوچەی وادی بەرەدا نزیك پایتەختی سوریا زیانی بە ژێرخانی ئاو گەیاندووە و نزیکەی 5.5 ملیۆن کەسی لە پایتەخت و دەوروبەری تووشی کورتهێنانی ئاو کردووە , بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ستیفن دی میستورا لە جنێڤ بە رۆژنامەوانانی وت: "دوو کۆبوونەوە لە هەردوو ئەنکەرە و رەنگە مۆسکۆش بکرێت، کە ئەم بابەتەیان تێدا باسدەکرێت چونکە ... ئاو لە دیمەشق زۆر پێویستە."
زانیاری بە نەتەوە یەکگرتووەکان دراوە کە حکومەتی سوریا گەیشتووە بە رێككەوتنێك لەگەڵ پێنج گوندی وادی بەرەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام دوو گوند رێككەوتنەکەیان رەتکردۆتەوە، لەنێویاندا ئەو گوندەی سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی لێیە.
دی میستورا وتی، "لەبەرئەوە مەترسیی هەیە، مەترسییهكی جددی، مەترسییهكی چاوەڕوانکراو کە دەکرێت ببێتە هۆی پێکدادانی سەربازیی زیاتر." ههروهها هۆشداری دا كه "ئاکامەکەی، حەتمەن (دەبێتە هۆی) نەبوونی چارەسەرێك بۆ ئاو بۆ خەڵکی دیمەشق".
چوارشەممە، پارێزگاری ناوچەکە لە وادی بەرەدا وتی حکومەتی سوریا گەیشتۆتە رێككەوتنێك تا سوپا بێتەناو ناوچەیەكی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنەوە نزیك بە دیمەشق و سەرچاوەی ئاوی پایتەخت بگەڕێنێتەوە.
سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆن رەتیانکردەوە رێککەوتن هەبێت.
روانگەی سوریا بۆ چاودێری مافی مرۆڤ رایگەیاند پێنجشەممە پێکدادانی توند بەردەوامبوو لەنێوان هێزەکانی رژێم و چەکدارانی گروپی حیزبوڵای لوبنانی و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا.
هێرشەکان روویاندا سەرەڕای ئاگربەستێکی هەمەگیر کە لەلایەن پاڵپشتیکاری رژێمهوه، روسیا و پاڵپشتیکاری ئۆپۆزسیۆنهوه، تورکیا، سازکرا له 30 کانونی یەکەمەوە.
ئاگربەستەکە بەرەی نوسرە ناگرێتەوە، کە ئێستا بە فەتحی شام ناسراوە، یان "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).
دی میستورا پێنجشەممە نائومێدیی خۆی دەربڕی لەوەی ئاگربەست، سەرەڕای ئەوەی بەردەوامە، گواستنەوەی کۆمەكی مرۆیی پێویستی هیچ ئاسانتر نەکردووە.