هێزەکانی عێراق لانیکەم لهسهدا 80 ی رۆژهەڵاتی موسڵیان گرتۆتەوە لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، وتەبێژی هێزە تایبەتەکان کە سەرپەرشتی هەڵمەتەکە دەکات چوارشەممە (11 کانونی دووەم) رایگەیەند، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە.
وتەبێژی هێزەکانی دژە تیرۆر، سەباح نوعمان، لە موسڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "پێموایە دەتوانیت بڵێیت کە ئێمە لهسهدا 80 بۆ 85"ی بەری رۆژهەڵاتی موسڵمان گرتۆتەوە.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، فەریق عەبدولئەمیر رەشید یارهڵا بە دیارونای وت: "هێزەکانمان ئاڵای عێراقیان لە سەر چەند بینایەکی حكومی هەڵداوە لە بەشی رۆژهەڵاتی موسڵ،" لەنێویاندا خانەی داد، بینای گەیاندن و پهیوهندیهكان، بینای خزمەتگوزاری پۆست، بینای وەبەرهێنان، فەرمانگەی باجەکان، فەرمانگەکانی ئاو و کارەبا و بەشی ناوخۆیی کچانی زانکۆی موسڵ.
یارهڵا رایگەیاند کە چەند ناوچەیەكی گەڕەکەکانی نەمعە و باب ئەلشەمس گیراونەتەوە.
وتیشی: "هێزەکانمان پێشڕەوی گەورە بەدەستدێنن لە بەرەکاندا بۆ رۆژی سێهەمی پێشهوەچوونەکان."
هاوکات وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق چوارشەممە رایگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانەی ئاوارەبوون لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە گەیشتووەتە 173,584 ئاوارە.
وتەبێژی وەزارەتەکە، ستار نەورۆز، لە راگەیەندراوێکدا وتی: "تیمەکانی وەزارەت ئەمڕۆ پێشوازیانکرد لە 2,320 کەس کە لە شارۆچکەکانی حەویجە، تەلئەبتە، قوسییەت، تلکێف و قەراج، و گەڕەکەکانی سۆمەر، نەبی یونس، فەلەستین و غوفرانی موسڵەوە هاتبوون."