دەسەڵاتدارانی تورکیا رۆژی پێنجشەممە (3 کانونی دووەم) هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی چەکدارێك کە 39 کەسی کوشت لە یانەیەکی شەوانەی ئەستەنبوڵدا و بەپێی راپۆرتەکانیش هێرشبەرەکە لە سوریا شهڕیكردووه بۆ "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
پۆلیس وێنەی گومانلێکراوەکەی بڵاوکردەوە، کە هەڵیکوتایەسەر یانەی شەوانەی رێینا لە شەوی سەریساڵدا و نزیکەی 120 فیشەکی تەقاند بەڕووی سەردانکەرانی یانەکەدا پێشئەوەی رابکات لەناو تاریکی شەودا.
تاکو ئێستا 16 کەس دەستگیرکراون لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە لە فرۆکەخانەی سەرەکی ئەستەنبوڵ بەهۆی هێرشەکەوە، کە داعش بەرپرسیارێتی راگهیاند رۆژی دوشەممە، لەنێویاندا دوو کەسی بیانیش هەن. بەڵام بکوژەکە بە هەڵاتویی ماوەتەوە.
لەو 39 کەسەی کوژراون، 27 کەسیان بیانی بوون، بەزۆری خەڵکی وڵاتە عەرەبیەکان بوون، کە تەرمەکانیان لە شەودا گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتەکانیان لەنێویاندا لوبنان و سعودیە.
سێ کەسی لوبنانی، دوو کەسی ئەردەنی و سێ کەسی عێراقی لەنێو کوژراواندا هەن، لەگەڵ چەند سعودییەك.
راپۆرتەکان بڵاویانکردەوە کە پۆلیس پێشکەوتنی بەدەستهێناوە لە لێکۆڵینەوەکاندا دوای قسەکردن لەگەڵ شۆفێری ئەو تەکسیەی هێرشبەرەکەی گواستبۆوە بۆ یانەکە و گوێیان لهو گفتوگۆیانهش گرتووه كه به تهلهفۆنی مۆبایڵی شۆفێرەکە كراون.
رۆژنامەی حورییەت دەیلی بڵاویکردەوە کە هێرشبەرەکە نیشانەی ئەوەی پێوەدیاربوو کە بەباشی مەشقی پێکراوە بۆ بەکارهێنانی چەك و شهڕی بۆ داعش كردووه لە سوریا.
ستوننوسی رۆژنامەکە، عەبدولقادر سێلڤی، رایگەیاند کە هێرشبەرەکە مەشقی پێکراوە بۆ شەڕکردن لەناو شەقامدا لە ناوچه خهڵكنشینهكانی سوریادا و ئەو تەکنیکانەشی لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە، وەك تەقەکردن لە كهمهرهوه نەك وەك نیشانگر.
هاوکات پۆلیس یەکەمین وێنە روونهكانی هێرشەبەرەکەی بڵاوکردەوە، لەنێویاندا وێنەیەك کە لەلایەن کامێرای چاودێرییهوه گیراوە لە شەوی هێرشەکەدا.